چەندان ساڵە جۆرێكی كولـلە كە رەنگەكەی لە نێوان رەش و زەرددایە، لە وەرزی بەهاردا دەردەكەوێت و كاریگەری خراپ لەسەر ڕەز و باخەكانی میوە دروست دەكات. ئەمساڵیش لە هەردوو دەڤەری بارزان و ئامێدی زیانی بە كشتوكاڵ گەیاندووە.
ئیسماعیل عەبدوڵا دانیشتووی گوندی سەرگەلی سنووری شارەدێی دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵیش كولـلە بەربووەتە گیانی رەز و باخ و بێستانەكانیان.
بەگوتەی ئەم جووتیارە تا ئێستە حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار هیچ هەنگاوێكی بۆ لەناوبردنی ئەو كولـلەیە نەهاویشتووە، بۆیە داوا لەلایەنی پێوەندیدار دەكەن هاوكارییان بكات.
عەبدولخالق زادە جووتیارێكی تری دەڤەری بارزانە و بە "وشە"ی گوت، كولـلەكە ساڵانە لە جیاتی ئەوەی كەم بكات زۆرتر دەبێت. سەیر لەوەدایە زۆربەی كولـلەكان تەمەنیان وەرزییە، كەچی ئەم كولـلە نوێیە ساڵانە زۆرتر دەبێت و زیانی زیاتریش بە خەڵكی جووتیار دەگەیەنێت.
محەمەد مێرگەسۆری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو جۆرە كوللەیەی كە كاریگەری لەسەر كشتوكاڵ و دەرامەت و رەز و باخی جووتیاران دروست كردووە، تەمەنی دوو مانگە، بەڵام زیانەكانی زۆرن. ئەو جۆرە كولـلەیە لە رێی رشاندن بە دەرمانی كیمیایی لەناو دەچێت، بەڵام دەبێت سەرتاپای ئەو ناوچەیە بە دەشت و چیاوە بڕشێنڕێت چونكە ئەو جۆرە كولـلەیە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەڕوات.
كولـلەكە لە بارزان لە گوندەكانی ببانا و ریشە و سەڤرە و لە سنووری شارۆكەی ئامێدیش لە زۆربەی گوندەكان بڵاو بووەتەوە.
وشە ، نەوزاد هلۆری