كتێبێك لەبارەی تایبەتمەندییەكانی پێنجوێن چاپ كرا

:: PM:03:17:28/11/2016 ‌

لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن، نووسەرێكی گەنجی دانیشتووی شارۆكەكە، كتێبێك بە ناونیشانی "پێنجوێن، شارێك لە زێڕ" بڵاو دەكاتەوە.

ئەمیر سۆفی جەمال پێنجوێنی، نووسەری كتێبی پێنجوێن، شارێك لە زێڕ، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كتێبەم لەسەر دۆخی ئێستەی شارۆكەی پینجوێن نووسیوە و لە پێناویدا بەدواداچوونی وردم لە رووی گەشتیاری، كشتوكاڵی، سامانی سروشتی، بازرگانی، ئەنجام داوە.

 زیاتر روونی دەكاتەوە، ناوچەی پێنجوێن لەرووی بازرگانییەوە گرنگییەكی زۆری هەیە، بەڵام وەك پێویست بایەخی پێ نەدراوە، هەوڵم داوە بە وردی باس لەو بوارە بكەم، چونكە لەرووی بازرگانییەوە توانیوێتی ببێتە سەرچاوەیەكی باشی داهات بۆ هەرێمی كوردستان.

"لەرووی كشتوكاڵیشەوە پێنجوێن خاوەنی چەندان جۆر بەرهەمی زستانە و هاوینەیە، تا رادەیەكی زۆریش توانیویەتی بۆ ناوخۆی كوردستان بەرهەمی جۆراوجۆری كشتوكاڵی دابین بكات"، نووسەری كتێبی پێنجوێن، شارێك لە زێڕ، وای گوت.

لەناو كتێبەكەدا ئاوڕ لە سامانە سروشتییەكانی شارۆكەی پێنجوێن دراوە و وەك ئەمیر سۆفی هێمای پێ دەدات، پێنجوێن لەڕووی گەشتیاری و سامانی سروشتییەوە گرنگی تایبەتی هەیە، بەڵام هێشتا ئاوڕی پێویستی لێ نەدراوەتەوە، بۆیە لە كتێبەكەمدا بەپێی پێویست تەواوی كەموكوڕییەكانم خستووەتە روو.

پێنجوێن، یەكێكە لە شارە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان و نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانی دوورە، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 45 هەزار كەسە و دوو شارەدێ و زیاتر لە200 گوندی لەخۆ گرتووە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی


وشە - هیدایه‌ت جان