بەردەوامی باران لە مانگی چوار، وای كردووە ترس لای هاووڵاتییان دروست بكات كە ئەو بارانە زیان بە بەروبوومی ساڵانە دەگەیەنێت، بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت، بارانەكان زیانی هەبووە و سوودیشی هەبووە، بەڵام سوودی زیاتر بووە.
ئەمڕۆ شەموو 21ـی نیسان/ ئەپریل، خاڵس ئەحمەد بەڕێوەبەری دیوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەردەوامی بارانەكان لە مانگی چوار جێی نیگەرانی نییە، چونكە سوودێكی باشی هەبووە بۆ بەرهەمی جووتیاران بە تایبەت ئێستە گەنم و جۆ خەریكی گوڵكردنن.
بەڕێوەبەری دیوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، ڕاستە باران لە هەندێك شوێن زیانی گەیاندووە بە بەرهەمی كشتوكاڵی سەر ئاوەڵا كە چێنراون بە تایبەت لەو شوێنانەی تەزرەی لەگەڵدا بووە.
بەشێوەیەكی گشتی ئەو بارانانە سوودی باشی هەبووە بۆ كشتوكاڵ بەهۆی وشكیی ژێر چێنراوەكان، وایكردووە ئاو بدرێنەوە و بگەشێنەوە و ڕوو لەگەشە بكەن. ئەوە بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ.
بەردەوامی باران لە هەرێمی كوردستان لە مانگی چوار لە چەند ساڵ جارێك ڕوو دەدات كە بەلای بەشێكی زۆری هاووڵاتییان، پێیان وابووە كە باران لە ئێستە زیان بە كشتوكاڵ دەگەیەنێت.