ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌

:: PM:04:10:21/04/2018 ‌
ئه‌ندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەستكێشانەوەی خۆی لە حزبەكە ڕاگەیاند، سەرچاوەیەكی نزیكیش لە سەركردایەتییەكە دەڵێ، هەوڵی پەشیمان كردنەوەی دەدرێ.

سەرچاوەیەك لە مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شەموو بەهۆی كێشە كەڵەكەبووەكانی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سیروان كوێخا نەجم ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە لە نامەیەك بە فەرمی دەست لەكار كێشانەوەی خۆی ئاراستەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد.

زیاتر گوتی، سیروان كوێخا نەجم نامەی دەست لەكاركێشانەوەی ڕاستەوخۆ ئاراستەی كۆسرەت ڕەسوول عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كردووە، لە بەرانبەریش دا كۆمەڵێك كادری یەكێتی هەوڵی پەشیمان كردنەوەی سیروان كوێخا نەجم دەدەن لەو بڕیارەی داویەتی.

وێنەیەكی نامەی دەست لە كار كێشانەوەی سیروان كوێخا نەجم دەست "وشە" كەوتووە و تێیدا هاتووە، بەڕێزان جێگری سكرتێری گشتی و هەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی، دەمەوێ بەم نامەیە ئاگادارتان بكەمەوە كە من لەمڕۆوە 21ی نیسان/ئەپریلی 2018 دەست لەكار كێشانەوەی خۆم لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕادەگەیەنم.

لە بەشێكی تری نامەكە هاتووە، هۆكاری دەست لەكار كێشانەوەم زۆرن و زۆربەتان دەزانن و لێی بێدەنگن، من لەمڕۆوە ئازادم هەر كار و ڕێباز و ئەركێك بۆخۆم هەڵبژێرم.

دەست لە كار كێشانەوەی ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی لە كاتێكدایە، لەتبوونێكی تر لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق لە ڕیزەكانی یەكێتی دروست بووە و بەرهەم ساڵح و زۆرێك لە كادر و هەوادارانی لە یەكێتی كشاونەتەوە و لیستی هاوپەیمانی و دادپەروەریان پێكهێناوە، جیا لەوەیش كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكە و نەبەستنی كۆنگرە و شەڕی باڵەكان بەرۆكی ئەو حزبەی گرتووە و بەردەوامی هەیە.

گه‌رمیان/سه‌بری هۆرینی.





وشە - باز ئه‌حمه‌د