یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نزیك بووەتەوە لەوەی سەرجەم داخوازییەكانی ئەستێرەی یانەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی جێبەجێ بكات تا گرێبەستەكەی لەگەڵیدا نوێ بكاتەوە.
رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: رۆناڵدۆ بەم دواییە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید گەیشتووەتە رێككەوتنێك سەبارەت بە زیادكردنی مووچەی ساڵانەكەی و درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی بەتایبەت بەهۆی پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز لە یارییەكانی ئەم دواییەیدا لە خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.
رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە: هەردوولا ئامانجیان ئەوەیە پێش مانگی حوزەیران و بەر لە هاتنی یارییەكانی جامی جیهانی روسیا، بەفەرمی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی نێوانیان رابگەیەنن.
سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە بەگوێرەی گرێبەستە نوێیەكە مووچەی رۆناڵدۆ لە 21 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە زیاد دەكرێ بۆ 30 ملیۆن لەگەڵ 2 ملیۆن یۆرۆی تر وەك پاداشت لەكاتی بردنەوەی ناسناوەكاندا، هەروەها گرێبەستەكەشی تا ساڵی 2012 درێژەی دەبێت.
بەمەش مووچەكەی رۆناڵدۆ نزیك دەبێتەوە لە مووچەكەی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی كە ساڵانە 35 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێ، بەڵام زۆر كەمتر دەبێت لە مووچەكەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە كە ساڵانە 45 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێ.