ئەگەر ئەمڕۆ بەرشەلۆنە جامی شای ئیسپانیا نەباتەوە؟

:: PM:05:05:21/04/2018 ‌

ئەگەر ئەمڕۆ یانەی بەرشەلۆنە نەتوانی لە یانەی سڤیلییە بباتەوە و جامی شای ئیسپانیا بەرز نەكاتەوە، چارەنووسی ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەكە دەكەوێتە ژێرباری مەترسییەوە رەنگە لە كارەكەی دوور بخرێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو سەعات 10:30ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆی تایبەت بە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی یانەی سڤیلییە دەبێتەوە.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: بەرپسانی یانەی بەرشەلۆنە دوای دەركردنیان لە قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەسەر دەستی یانەی رۆمای ئیتاڵی، تاڕادەیەكی زۆر لە ڤالڤێردی توڕەن و بەهیچ شێوەیەكیش لەدەستدانی جامی شای ئیسپانیا قبوول ناكەن.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە: ڤالڤێردی لەلایەن بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەوە ئاگادار كراوەتەوە لەدەستدانی یارییەكەی ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی سڤیلییە كاریگەری گەورە دەخاتە سەر مانەوەی لە كاری راهێنەرایەتی یانەكەدا لە وەرزی داهاتوو.

سەرچاوەكە هەروەها بڵاوی كردەوە: بردنەوەی یارییەكەی ئەمڕۆ و بەدەستهێنانی هەردوو ناسناوی جامی شای ئیسپانیا و خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە وەرزی ئەمساڵ مانەوەی ڤالڤێردی لە كاری راهێنەرایەتی یانەی بەرشەلۆنە بۆ ساڵی داهاتوو مسۆگەر دەكات، چونكە بەرپرسانی یانەكە ترسیان هەیە بۆ وەرزی داهاتوو یانەی ریال مەدرید بەهێزێكی زۆرەوە بگەڕێتەوە و كۆنتڕۆڵی ناسناوەكان بكاتەوە بەتایبەت كە ئێستا نزیك بووەتەوە لە بەدەستهێنانی جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بۆ جاری سێیەم لەسەریەك.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م