سیڤیلیە.. نێچیرە بەتام و چێژەكەی میسی

:: PM:05:19:21/04/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و باشترین یاریزانی جیهان خوازیارە ئەمڕۆ شەموو لە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا لە یانەی سڤیلییە بباتەوە و وەك هەمیشە زۆرترین گۆڵ لەو یانەیە تۆمار بكات.

ئەمڕۆ شەموو سەعات 10:30ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆی تایبەت بە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی یانەی سڤیلییە دەبێتەوە.

یانەی سڤیلییە بە یەكەم یانە دادەنرێ لە ئێسپانیادا لیۆنێل میسی زۆرترین راوی تێدا كردبێت و تا ئێستا زۆرترین گۆڵی لەو یانەیە تۆمار كردووە كە 30 گۆڵە لە 32 رووبەڕووبوونەوەدا.

دوایین گۆڵ كە لیۆ لەو یانەیەدا تۆماری كرد رۆژی 31ی مانگی رابردوو بوو لە گەڕی 30ی خولی ئیسپانیا كە لە دواساتەكاندا گۆڵی یەكسانبوونەوەی بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆمار كردەوە.

دوای یانەی سڤیلییە، نێچیری دووەمی میسی لە ئیسپانیا یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدە كە تا ئێستا 28 گۆڵی لێ تۆمار كردووە لە 36 رووبەڕووبوونەوەدا، دوای ئەویش یانەی ریال مەدریدی ركابەری سەرسەخت دێت كە لە كۆی 37 یارییدا 25 گۆڵی تۆماری كردووە، یانەی ڤالێنسیا 24 گۆڵ لە 30 رووبەڕووبوونەوەدا و لە كۆتایش یانەی ئەتلەتیك بیلباو دێت بە 24 گۆڵ لە 33 رووبەڕووبوونەوەدا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م