لەو كاتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا خۆشحاڵی خۆی پێشان دا لە بەرانبەر راگەیاندنی كیم جۆنگ ئۆن، سەرۆكی كۆریای باكور بە وەستاندنی تاقیكردنەوەی مووشەكی درێژمەودا و داخستنی تاقە پێگەی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی ئەتۆمی لەو وڵاتە، ژمارەیەك رۆژنامەی ئەمەریكایی و بەریتانی خۆپاراستنیان لە بەگرنگدانانی ئەو راگەیاندنە گواستەوە.
ژمارەیەك لەو رۆژنامانە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە هۆكاری بڕیارەكەی ئۆن تەواوبوونی پرۆگرامی ئەتۆمی كۆریای باكورە و چیتر ئەو وڵاتە پێویستی بە تاقیكردنەوە نەماوە، وەك ئەوی سەرۆكی كۆریا خۆی رای گەیاندووە.
"وۆڵ ستریت جورناڵ"، لەو بارەوە وتارەكەی ئۆنی بە تێكەڵ لەقەڵەم دا بەوەی ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە دەستبەرداری ئەمبارە ئەتۆمییەكەی دەبێت، بەڵایەنی كەم لەسەر ئاستی بینراودا، بەپێچەوانەی هەردوو سەرۆكی كۆریای باشوور و ئەمەریكا دەیڵێن.
زیاتر گوتی، ئۆن بە زمانێكی ئاشتبوونەوە گوتی، وەستاندنی تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكان هەنگاوێكی گرنگە لەسەر رێگەی نەهێشتنی چەك لە سەرانسەری دنیا و ئەو بەڵێنی دا بە بەكار نەهێنانی چەكە ئەتۆمییەكەی یان گواستنەوەی شارەزایی وڵاتەكەی لەو بارەوە بۆ وڵاتانی تر لەهەر چی دۆخێكدا بێت، جیا لە حاڵەتی دەمارگرتن و هەڕەشەكردنی لە رووی ئەتۆمییەوە.
ئەو رۆژنامەیە لە شارەزایانی گواستەوە كە ئەو هەنگاوانەی ئۆن رای گەیاندوون دەتوانرێت زۆر بەخێرایی پاشگەزبوونەوەی لێ بكرێت، لەو بارەوە جۆزێڤ بیرمۆدیز، گەورە شرۆڤەكاری ماڵپەڕی "38ی باكور"ی ئەلیكترۆنی كە ماڵپەڕی تایبەتە بە توێژینەوەی كاروباری كۆریا، دەڵێت، ئۆن زۆر بەجوانی یاری راگەیاندنی دنیا دەكات و ئەو دەیەوێت وڵاتەكەی بخاتە ناو لایەنی ئەرێنی تا ئەو كاتەی كارەكانی لووتكەی لەگەڵ ترەمپ سەركەوتنی پێشبینیكراوی بەدەست نەهێنا، ئەوە هۆكارەكە بخاتە ئەستۆی ئەمەریكا.
"واشنتن پۆست" لەو بارەوە رای گەیاند كە هەردوو سەرۆكی ئەمەریكا و كۆریای باشوور بەم دواییە رایان گەیاند كە كۆریای باكور خواستی هەیە بۆ داماڵینی چەكە ئەتۆمییەكەی، بەڵام لێدوانەكانی دوێنێی ئۆن باسی دەستبەرداربوونی وڵاتەكەی لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی نەكرد، بەڵكو تەنیا باسی سڕكردنی كرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو رازییە بەو پەرەسەندنە خێرا و گەورەی وڵاتەكەی پارساڵ لە بەرهەمهێنانی "كڵاوەیەكی زەبەلاحی ئەتۆمی" و ئەو مووشەكەش كە دەتوانێت بۆ ناوجەرگەی ئەمەریكا هەڵیبگرێت، بەدەستی هێنا.
رۆژنامەكە لە چەند بەرپرسێكی كۆشكی سپی گواستەوە كە ئەوان بە تێكەڵێكی نیگەرانی و رازیبوونەوە چاودێری ئۆن دەكەن، چونكە رەنگە هەنگاوەكەی تەكتیكی بێت بۆ ئەوەی واشنتن بخاتە هەڵوێستی بەرگریكردن بەر لە گفتوگۆكردن لەبارەی ئەمبارە ئەتۆمییەكەی، بۆیە بە رەوانەكردنی "چڵە زەیتوون"ێك بۆ ئەمەریكا ئەو پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر واشنتن بۆ رازیبوون بە دەستەوارەیەك بەر لەوەی ئەو بە دەستبەرداربوون بە چەكە ئەتۆمییەكەی رازی بێت. هەروەها رەنگە ئۆن هەوڵی كوتینی بزمارێك بدات لە نێوان ئەمەریكا و كۆریای باشوور، بەو پێیەی سەرۆكی كۆریای باشوور دووپات لە كۆتاهێنان بە ململانێی زیاتر لە شەست ساڵەی نیوچە دوورگەی كۆریا دەكاتەوە.
"نیویۆرك تایمز" زیاتر گوتی، شرۆڤەكاران لەبارەی پاڵنەرەكانی ئەوەی ئۆن رای گەیاند دابەش دەبن، هەندێكیان دەڵێن كە ئەو چیتری لە گفتوگۆكان ناوێت جگە لە پێدانی كاتی زیاتر و سووككردنی سزاكانی نێودەوڵەتی لەسەری، بۆیە ئەو بەهیچ شێوەیەك نیازی دەستبەرداربوونی لە چەكە ئەتۆمییەكەی نییە، بەڵام ئەوانیتر دەڵێن، ئەگەر هاندەری باشی پێ بدرێت وەك مسۆگەری تەناهیی لە پەیماننامەیەكی ئاشتی و ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ واشنت لە كۆتاییدا ئۆن دەستبەرداری دەكات، جگە لە وەرگرتنی یارمەتی دارایی بۆ بنیاتنانەوەی ئابوورییەكەی.
بەڵام "واشنتن پۆست" و گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست"ی بەریتانیایی وریاییان دا لە بەرزكردنەوەی ئاستی پێشبینییەكان بۆ لووتكەی داهاتووی ترەمپ-ئۆن و "ئیكۆنۆمیست" لەو بارەوە گوتی، تەنیا راكێشانی كۆریای باكور بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستكەوتێكی گەورەیە.
هەر لەو بارەوە رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی دەڵێت، پاڵەپەستۆ ئابوورییەكانی چین بۆ سەر بیۆنگ یانگ و درككردنی ئۆن بەوەی ترەمپ خۆی لە وەشاندنی گۆرزێكی كوشندە بۆ وڵاتەكەی ناپارێزێت و ئەو بێباكە بە ئاسایشی نیوچە دوورگەی كۆریا، ئەو هۆكارانەن كە وای كرد سەرۆكی كۆریای باكور نەرمی لە هەڵوێستەكانی بنوێنێت.
لە 28ی ئازاری رابردوو سەرۆكی كۆریای باكور بەڵێنی بە شی جین بینگ سەرۆكی چین دا بە داماڵینی چەكی ئەتۆمی لە نیوچە دوورگەی كۆریا، ئەوەیش لە میانەی كۆبوونەوەیەك لە پەكین، لەو بارەوە ئاژانسی "شینخوا"ی چینی لە ئۆنی گواستەوە كە پرسی داماڵینی چەكی ئەتۆمی لە نیوچە دوورگەی كۆریا دەتوانرێت چارەسەر بكرێت ئەگەر هەریەك لە كۆریای باشوور و ئەمەریكا بە ئەرێنی وەڵامی هەوڵەكانمان بدەنەوە و توانیمان كەشێكی ئاشتی و سەقامگیر دروست بكەین بە وەرگرتنی هەنگاوی بەدوای یەك و هاوكاتانە لە پێناو گەیشتن بە ئاشتی. ئۆن لە 21ی نیسان رای گەیاند كە وڵاتەكەی تاقیكردنەوەی ئەتۆمی و مووشەكی هەڵدەپەسێرێت و چیتر وڵاتەكەی پێویستی بە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی ئەتۆمی و مووشەكی نەماوە، چونكە خۆپڕچەككردنی تەواو كردووە.