تابلۆی هەولێری هۆلاكۆ بەزێن لە هەولێر لادرا

:: PM:06:33:21/04/2018 ‌
لەپشتەوەی ئەو باخچەی لە تەنیشت باڵەخانەی پارێزگای هەولێر هەیە، تابلۆیەكی شێوەكاری دروست كرابوو و باسی لە شكانی هێزەكەی هۆلاكۆی دەكرد، ئێستا ئەو تابلۆیە لابراوە و بەرپرسێكی پارێزگای هەولێریش ڕوونكردنەوە لەسەر لادانی دەدات.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی نیسان/ ئەپریل، هەمزە حامد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو تابلۆ شێوەكارییە نەڕووخێندراوە، بەڵكو بەهۆی گواستنەوەی تەلاری بگۆڕی هەولێر لە تەنیش پارێزگا كە باڵەخانەكەیان تێكدرا، ئەو شوێنەش لادرا.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، لابردنی ئەو تابلۆییە دوای ئەوەوە دێت كە هیچ ڕاگرێك نەبوو بۆ تابلۆ شێوەكارییەكە و تابلۆكەش زۆر كۆن بووبوو و بەشێكی زۆری كاشیەكانی شكابوون، بۆیە بڕیارمان دا لای ببەین.

ئەو بەرپرسەی پارێزگای هەولێر دەڵێت، بەگوێرەی نەخشەی سەوزایی هەولێر ئەو شوێنە هەمووی تێك دەدرێت و دەكرێتە سەوزایی، بۆیە ڕەنگە لە داهاتوودا لە شوێنێكی تر ئەو تابلۆیە دروست بكرێتەوە لە هەولێر.

شاری هەولێر لە مێژوو ناسراوە كە هێزەكەی هۆلاكۆی سەركردەی مەغۆلەكان كاتێك هێرشی كردە سەر ڕۆژئاوای ئاسیا لە هیچ شوێنێك دووچاری شكست نەبوو تەنیا بەهۆی خۆڕاگریی خەڵكی قەڵای هەولێر نەبێت كە یەكەمین شكستی تۆمار كرد.



وشە - رامیار جەواد