بەرپرسێكی جێبەجێكردن و دروستكردنی شەقامی 120 مەتری هەولێر ئاشكرای دەكات، لە بەشێكی شەقامەكە كێشە دروست بووە و ئێستە ئەو كێشەیە لە دادگایە و چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەین لەو هەفتەیەدا.
ئەمڕۆ شەموو 21ـی نیسان/ ئەپریل، سەرتیپ سابیر، سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی 120 مەتریی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو بەشەی شەقامی 120 مەتری كە ئێستا دەكەوێتە نزیك شەقامی نوێی بنەسڵاوە، چەند ماڵێكی تێدا ماوە چەندینجار لەلایەن شارەوانی چوار و شارەوانییەوە ئاگەدار كراونەتەوە كە شوێنەكە چۆڵ بەكەن، بەڵام ئەوان داوای قەرەبوو دەكەن.
سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی شەقامی 120 مەتریی هەولێر دەڵێت، ئێستا كێشەكە لە دادگایە و چاوەڕوانین لەو هەفیەیە بڕیار بدرێت كە چۆن ئەو ماڵانە چۆڵی بكەن، چونكە ئەو ماڵانە كێشەییان بۆ دروست كردووین و بەشێك لە كارەكانمان وەستاوە.
پێشتر لە بەدواداچوونێكی هەفتەنامەی "وشە" هۆشداری درابوو لە وەستانی ئەو بەشەی شەقامی 120مەتری بەهۆی بوونی نۆ خانوو لەسەر ئەو شەقامە كە لە ساڵی 1989 دروستكراون.
شەقامی 120 مەتری هەولێر یەكێكە لە شەقامە گرنگەكانی هەولێر و ئێستە سێ لە چواری شەقامەكە تەواو بووە و جەنجاڵییەكی زۆری ئۆتۆمبێلی لە ناو شاری هەولێر و دەوروبەری كۆتا پێ هێناوە بڕیاریشە لە 2019 شەقامەكە تەواو بێت.
بە تەواوبوونی شەقامی 120 مەتریی هەولێر بەگوێرەی بەدواداچوونی "وشە"، ڕاستەوخۆ لە پشكی ئەو داهاتەی بۆ شارەوانییەكان دیاری كراوە، نەخشەی پڕۆژەی 150 مەتریی هەولێر دەخرێتە بواری جێبەجێكردن كە بەشێكی شارەدێیەكانی دەوروبەری هەولێر دەخاتە ناو سنووری شارەوانیی هەولێر.