بەڵەكی ئه‌و نەخۆشییەی خه‌ڵك لێى تۆقیووه،‌ چییه‌؟

:: PM:08:12:21/04/2018 ‌
نەخۆشی بەڵەكی نەخۆشییەكی پێستە كە بەشێوەی پەڵەی سپی لەسەر لەشی كەسەكان دەردەكەوێت، ئەوەش بەهۆی نەمانی بۆیاغی پێستەوەیە، بەتایبەت  لەو شوێنانەی كە بەر تیشكی خۆر دەكەون، ئەم نەخۆشییە بەهیچ شێوەیەك ناگوێزرێتەوە بۆ كەسەكان، بەڵام تا ئێستا هۆكاری سەرەكیی دروستبوونی ئەم نەخۆشییە و چارەسەری بنەبڕ بۆ ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا دەكرێت بەهۆی لەناوچوونی خانە ڕەنگیینەكانی پێستەوە به‌ڵه‌كى تووشى پێستمان ببێت.

بۆ ئەو مەبەستە دكتۆر ڕووناك مه‌عرووف، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ تیشك خستنەسەر نەخۆشییەكە و هۆكار و دەرئەنجامەكانی لەسەر نەخۆش و ڕێگاكانی وەرگرتنی چارەسەر، به‌ "وشه‌" ى ڕاگه‌یاند، بەڵەكی نەخۆشییەكی پێستە كە تیایدا پێست لە چەند شوێنێكی جیاوازی جەستەدا ڕەنگی سروشتی خۆی لەدەست دەدات، ئەو شوێنە سەرەتا بە ڕەنگی كاڵ دواتر دەگۆڕێت بەڕەنگی سپی و تەواو جیاواز لە ڕەنگی پێستی دەوروبەر دەردەكەوێت.

دكتۆر ڕووناك زیاتر گوتى، ئێستا هۆكاری ڕاستەوخۆی ئەم نەخۆشییە نەزانراوە، تەنیا كۆمەڵێك بۆچوون هەن كە هەموویان  باس لەوە دەكەن كە بەڵەكی لە ئەنجامی  لەناوچوونی  خانەی دروستكەری ڕەنگی پێستەوە دەبێت، كە بە بۆیەی پێست  (میلانین ) ناسراون و لەناو پێستی  مرۆڤدا هەن  و بەپێی كەم و زۆری  دروستكردنی ئەم ڕەنگەوە  مرۆڤ ڕەنگی پێستی دیاری دەكرێت.

هۆكارەكانی لەناوچوونی خانە ڕەنگییەكانی پێست چییە؟

ئەو خانانە لەبەر چەند هۆكارێك لەناو دەچن  ئەوانیش بریتین لە:-

1. هۆكاری بۆماوەیی، بۆماوە كاریگەری لەسەر نەخۆشی بەڵەكی هەیە، بەڵام كاریگەرییەكە ئاڵۆزە و ڕوون نییە و بەشێوەیەكە ئەگەر لە خێزانێكدا ئەم نەخۆشییە هەبێت ئەوا ڕێژەی  توشبوونی برایەك یان خوشكێكی نەخۆشەكە بە نزیكەی (6,5%)ە ، ئەگەر دووانەیەكی  لەیەكچوو تووشی بەڵەكی ببن ئەوا ڕێژەی  تووشبوونی ئەوی تر (23%) دەبێت.

2. هۆكاری دەرەكی، هەندێكجار بەڵەكی لەئەنجامی بەركەوتن بەو پێكهاتانەی مادەی فیتۆڵی تێدایە وەك لاستیك و ئەو بابەتانەی تر دروست دەبێت، ئەم نەخۆشییە  ڕێژەكەی لە جیهاندا (1-5%)ە بەڵام لە كوردستان ڕێژەیەكی ڕاست و دروستمان نییە و زۆرترین ڕێژەش لە نێوان تەمەنی (10-30) ساڵیدایە، هەردوو  ڕەگەز وەك یەك  تووش دەبن، بەڵام ئافرەتان زۆرتر بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێن  وەك لە پیاوان  ئەمەش وای كردووە وا بزانرێت ڕێژەكە  لە ئافرەتدا زۆرترە، بەڵام لەڕاستیدا یەكسانن.


بەشێوەیەكی گشتی بەڵەكی هیچ نیشانەیەكی پێشوەختەی نییە، بەڵكو تەنیا نیشانەی ئەوەیە كە پێوەندی بە ڕەنگی پێستەكەوە هەیە، ئەویش گۆڕان و تێكچوونی ڕەنگەكەیەتی، كە لەدەسپێكدا بە ڕەنگی كاڵ لەسەر پێستەكە دەردەكەوێت دواتر دەگۆڕێت بە سپی تەواو. نەخۆشی بەڵەكی كاریگەری نه‌رێنی دەبێت لەسەر كەسەكە لە ڕووی كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە، ئەویش بەهۆی هەستكردن بە شەرمەزاری و ناشیرین بینینی ئەو كەسە لە ڕوانگەی خۆی و دەوروبەرەكەیەوە.

لە بنەڕەتدا نەخۆشییەكی مەترسیدار نییە، بەڵام هەندێكجار پێوەندی ناڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ بوونی نەخۆشییەكانی تری  وەك ( دەردە ڕێو، شەكرە، غودەی  دەرەقی).

بەهیچ شێوەیەك نەخۆشییەكە بە دەست لێدان  یاخود  بەركەوتنی پێستی كەسی تووشبوو بە كەسانی دەوروبەر ناگوازرێتەوە، هەروەها بەهیچ شێوەیەك پێوەندی بە خوێنەوە نییە، وەك زۆرجار نەخۆش دەپرسێت ئایا بەڵەكی  لە خوێندا هەیە؟، نەخێر بەڵەكی لە خوێندا نییە.

چارەسەرەكانی بەڵەكی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت، ئەویش بەگوێرەی تەمەن و ڕێژەی تووشبوونی لەشی نەخۆشەكە، بەڵام بەداخەوە لەناو كۆمەڵگادا چەندەها جۆر چارەسەری خۆماڵی یان سروشتی بەكار دەهێنرێت بۆ شاردنەوەی ئەم ڕەنگە، لەوانەش وەك بەكارهێنانی خەنە بۆ ڕەنگكردنی  پێستە سپییەكە، ئەمە بەزۆری  لە كۆمەڵگای عەرەبیدا باوە یان سووتاندنی شوێنی تووشبوونەكە یان بەكارهێنانی دەرمانی گیایی كە بەداخەوە  زۆربەیان مادەی كورتیزونیان تێدایە و دەبنە هۆی  دروستكردنی كاریگەری لاوەكی. بەڵام چارەسەرە پزیشكییەكان بەشێوەیەكی گشتی بریتین لە:

1- چارەسەری بابەتی، چەند جۆرێك  كرێم و گیراوە و قەترەی تایبەت هەیە بەم نەخۆشییە.

2- چارەسەركردن  بەتیشك، ئەمەش دوو جۆری هەیە لەلای ئێمە یەكێكیان  بریتییە لەتیشكی سەروو بنەوشەیی، ئەوی تریش بریتییە لە تیشكی (PVVA )ە كە لە سەنتەری پێستدا هەیە.

3- بەكارهێنانی جۆرێكی  تایبەت لە (laser)، كە پێی دەگوترێت (EXcimer).

4- جۆرێك لە نەشتەرگەری  تایبەت بە بەڵەكی  كە لای ئێمە و لە كوردستان  تا ئێستا بوونی نییەو ئەنجام نەدراوە.



وشە - محەمەد میران