چارەنووسی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چی دەبێت؟

:: PM:09:04:21/04/2018 ‌

لە گەورەترین دۆڕاندنی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سووریا لە ماوەی چەند ساڵێكدا، ئێستا پێگەی سەرەكیی ئەوان لە غوتەی رۆژهەڵات بەدەستی رژێمی بەشار ئەسەدە كە خۆی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی دوایین پێگەكانی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سووریا لە ناوچەی قەلەموونی رۆژهەڵات و باشووری دیمەشق ئامادە دەكات، ئەو پاشەكشە گەورە و دواییەكانەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا پرسیار لەبارەی چارەنووسی سەربازی و سیاسی ئەوانەوە دەرووژێنێت؟.

دوای كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەی غووتەی رۆژهەڵات و دۆمای سەنتەری ناوچەكە، رژێمی سووریا لە باشووری دیمەشق دەستی بە جموجۆڵ كردووە لەو ناوچانەی كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی داعش و دەستەی رزگاركردنی شام (نەسڕە) لە كەمپی یەرمووك و گەڕەكانی حەجەری ئەسوەد و تەزامن و قەدەم، هەروەها لە قەلەموونی رۆژهەڵات كە ئۆپۆزسیۆنی چەكدار ژمارەیەك گوند و شارەدێ كۆنترۆڵ دەكەن لەوانە زەمیر و جیروود و رحێبە و ناسرییە و عنتە.

رژێمی سووریا پەنا بۆ پاڵەپەستۆی سەربازی دەبات وەك سەرەتایەك بۆ یەكلاكردنەوەی دۆخەكە لەسەر زەوی یان كردنەوەی بوار بۆ سازكردنی رێككەوتن وەك هەندێك ناوی دەنێن، كە لە جەنگی غوتەی رۆژهەڵات و ئێستەش لە قەلەموونی رۆژهەڵات جێبەجێی كرد، ئەو كاتەی شەڕوانانی سوپای ئیسلام شارەدێی زەمیریان بەرەو جەرابلس لە دەشتی باكوری رۆژهەڵاتی حەلەب جێ هێشت، ئەوەش دوای رێككەوتن لەسەر چۆڵكردنی ناوچەكە لەلایەن چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنەوە.

بۆ زۆرێك لە بەرهەڵستكارانی سووریا دیمەنی ئاوارەكردن و كاروانی پاسەكانی كە چەكدارانی ئەوان بۆ ئیدلب و جەرابلس دەگوازنەوە، مایەی مەترسییە لە كۆتاهاتنی ئەو دۆخەی بە "شۆرشی چەكداری" ناوی دەبرێت كە ئەوەیان لەخۆیدا ئاماژەیەكە بۆ سەركەوتنی رژێمی سووریا، بەتایبەتی كە لە 2014ەوە چەندان جار دووبارە بووەتەوە هەر لە حمسەوە تا غوتەی رۆژهەڵات و داریا مەعزەمییە تا قەلەموونی رۆژئاوا و حەلەب و ناوچەی وادی بەردی و بەم دواییەش لە غوتەری رۆژهەڵات و قەلەموونی رۆژهەڵات.

بۆیە دەرچوونی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سووریا لە ناوچەكانی غوتەری رۆژهەڵات و دەوروبەری دیمەشق و قەلەموونی رۆژهەڵات، ئەگەر روو بدات، ئەوە دەبێتە شكانێكی گەورە بۆیان كە كارتی گەورەی سەربازیان لە پایەتەخت و دەوروبەری و لە سەرانسەری سووریا لەدەست دەچێت و بەیەكجاریش تواناكانیان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە تەرازووی هێزی سەربازی لەدەست دەدەن، بۆیە خۆسەپاندنی سیاسیشیان نامێنێت.

لە دوای دۆڕاندنی جەنگی حەلەب لە كۆتایی 2016 رۆڵ و قەبارەی بەرهەڵستكاران زۆر پاشەكشەی كردووە و هێزەكانی رژێم بە پاڵپشتیی ئێران و حزبوڵا و رووسیا توانیان كۆنترۆڵی رووبەرێكی فرەوانی ئەو وڵاتە بكەنەوە و ناوچەكانی ئۆپۆزسیۆنیش بكەنە چەند دوورگەیەكی دابڕاو.

لە بەرانبەردا تا ئێستە گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كۆنترۆڵی 60%ی پارێزگای درعا دەكەن، بەتایبەتی دەشتی رۆژهەڵاتی، لەو كاتەی رژێمی سووریا كۆنتڕۆڵی 35%ی دەكات و داعشیش كۆنترۆڵی ژمارەیەك شارەدێ لە حەوزی یەرمووك لە باشووری رۆژئاوای پارێزگاكە دەكات. بۆیە ئەو پارێزگایە ناوچەیەكی گرنگە بۆ ئۆپۆزسیۆن و هۆكارێكی پاڵەسەتۆیە بۆ سەر رژێم كە هەمان شت بەسەر پارێزگای قنێترە و چەند بەشێكی سوێدا جێبەجێ دەبێت كە لە دیمەشقەوە نزیكن.  

بە لەدەستدانی پێگە ستراتیژییەكانی لە دیمەشق تا ئێستە ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سووریا گرەو لەسەر جەنگێكی گەورە دەكات كە هاوسەنگی هێز لەسەر زەویدا بگۆڕێت لەو ناوچانەدا، بەم دوایەیش رووسیا واشنتنی بە كاركردن بۆ چەكداریكردنی ئۆپۆرزسیۆنی سووریا تۆمەتبار كرد بەمەبەستی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی بۆیان. 

بەشێك لە شرۆڤەكاران وای دەبینن كە ئەو گرووپانە بەكردەنی توانای رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی رژێمی سووریایان لەدەست داوە، ئەوەش دوای راگواستنیان بە چەكەكەكانیانەوە و لە ئەنجامی چەندان رێككەوتننەوە و لەو بارەوە سەمیر نەشار، شرۆڤەكاری سیاسی و ئەندامی پێشووی هاوپەیمانی سووریا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا دەڵێت، ئەو گرووپە چەكدارانە بەرەبەرە لەسەر گۆڕەپانەكە ون دەبن و ئەوان رۆڵیان كۆتایی هاتووە.

لای خۆیەوە بورهان غەلیوون، یەكەم سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانی بەرهەڵستكاری سووریا دەڵێت، چیتر ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سووریا ناتوانێت ئاراستەی رووداوەكان بگۆڕن، لەو كاتەی هیچ ئەركێكی نەكێشاوە بۆ خۆدەربازكردن لەو گەمارۆیەی سەری، هەروەها نەیانتوانیوە هێرشێكی گەورە یان گۆڕانكارییەكی ستراتیژی و كار و رێكخستنەكانی ئەنجام بدەن. 

شرۆڤەكارێكی تر دەڵێن كە داهاتووی ئەو گرووپانە و رۆڵیان پێوەستە بە چەند بابەتێكەوە كە هەندێكیان پاڵپشتیی دارایی و سەربازی لەدەست دەدەن و ئەوەش كاریگەری دەكاتە سەر بوون و رۆڵیان بەتایبەتی "سوپای ئیسلام"، لەو كاتەی زۆرینەی گرووپەكان لەبەردەم چەند بژارەیەك خۆیان دەبیننەوە لەوانە چوونە پاڵ هێزەكانی (قەلغانی فورات) یان (چڵە زەیتوون) كە توركیا سەرپەرشتیان دەكات. 

سەرچاوە/ جەزیرە نێت  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل