بەرشەلۆنە خەمی لەدەستدانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای رەواندەوە

:: AM:08:40:22/04/2018 ‌

هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی تاڕادەیەك خەمی لەدەستدانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایان رەواندەوە بە بردنەوەی بە ئەنجامێكی گەورە بەرامبەر یانەی سڤیلییە و بەرزكردنەوەی 30مین جامی شای ئیسپانیا.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ لە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا لە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی یانەی سڤیلییە بووەوە و یارییەكەشی بە 5 گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە.

گۆڵەكانی یانەی بەرشەلۆنە لەلایەن یاریزانان، لویس سوارێز 2 گۆڵ لە خولەكانی 14 و 40، لیۆنێل میسی لە خولەكی 31، ئەندرێس ئینێستا لە خولەكی 52 و فیلیپ كۆتینیو بە رێگەی لێدانی سزا لە خولەكی 69.

بەمەش هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە بە بەدەستهێنانی جامی شای ئیسپانیا تاڕادەیەك خەمی دەركردنیان لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەبیر كرد دوای ئەوەی لە قۆناغی 8ی خولەكەدا لەسەر دەستی یانەی رۆمای ئیتاڵی كرابووە دەرەوە.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە یەكەم یانەیە لە رووی بەدەستهێنانی ژمارەی جامی پاڵەوانیەتیی شای ئیسپانیا كە تا ئێستا 30 جامی بەدەستهێناوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م