لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەیان وێنەی ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای سەڵاحەدین بڵاو كراونەتەوە، تێیاندا دەركەوتووە شەپۆلێكی زیندەوەری قالۆنچە هێرشیان كردووەتە سەر پارێزگای سەڵاحەدین.
شایەتحاڵان بڵاویان كردووەتەوە، لە ناوچەكانی شەڕگات بە ئاراستەی شارۆكەی گەیارە شەپۆلێكی قالۆنچەی ڕەش بڵاو بووەتەوە و سەرجەم خانووەكان و هەموو شتێكی ناوچەكەیان تەنیوەتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی لەوشێوەیە لەو ناوچەیە تۆمار نەكراوە و خەڵكی ناوچەكە شۆك بوون و نازانن هۆكاری بڵاوبوونەوەی قالۆنچە لە سنوورەكەیان بەو ڕێژە زۆرە چییە و بۆچی دەگەڕێتەوە.
لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوكراوەتەوە، بەشێك لە خەڵكی ئەو ناوچەیە خانووەكانیان بەجێ هێشتووە و بەرەو ناوچەی تر ڕایان كردووە، هەندێكیشیان بە كۆمەڵ دەرمانی دژە مێروولە و زیندەوەر دەكڕن و لە ماڵەكانیان دەیپرژێنن، بەڵام زۆری شەپۆلی قالۆنچەكان و هێرشی بەردەوامیان، ناتوانێ بەریان پێ بگرێ و ئەوان لە پێشڕەوی بەردەوامن.
تا ئێستە هیچ سەرچاوەیەكی حكوومی و پزیشكی و زیندەوەرزانی هۆكاری دەركەوتنی ئەو شەپۆلی قالۆنچەیەی لەو ناوچەیە ڕوون نەكردووەتەوە و لێكۆڵینەوەیشی لەسەر نەكراوە.