ئایا ئینێستا یانەی بەرشەلۆنە جێدێڵێ؟
یەكێك لە سپۆنسەرە سەرەكییەكانی یانەی چۆنگ كینگی چینی ئاشكرای كرد، گفتوگۆكانیان لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەندرێس ئینێستای كاپتن و ئەستێرەی یانەكە بەباشی بەڕێوە دەچن و شیمانە زۆرە بۆ وەرزی داهاتوو بیبەنە ریزی یانەكەیانەوە.
ئینێستا شەوی رابردوو لە گێمی دووەمی یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا بەدڵگرانی یاریگەی بۆ دینیس سوارێزی هاوڕێی جێهشت، یانەكەی لەو یارییەدا بە ئەنجامێكی گەورە و بە 5 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی سڤیلییەی بردەوە و 30مین ناسناوی جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا.
تەلەفزیۆنی (بی بی تی ڤی)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: جێهێشتنی ئینێستا لە یانەی بەرشەلۆنە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا یەكلایی بووەتەوە و ئەو ئەستێرەیە بۆ وەرزی داهاتوو لە خولی تۆپی پێی چین یاری دەكات.
كۆمپانیای (ئێس دەبلیۆ ئێم) كە سپۆنسەری سەرەكی یانەی چۆنگ كینگی چینی دەكات، ئاشكرای كرد: گەشبینن لە كۆتایی ئەم وەرزەدا گرێبەستی ئینێستا بەدەست دێنن و هاتنی ئەو ئەستێرەیەش بۆ كۆمپانیا و یانەكەیان سوودێكی گەورەی مادییان پێ دەگەیەنێ.
ئینێستا بە یەكێك لە باشترین یاریزانەكان لە مێژووی یانەی بەرشەلۆنە و ئیسپانیا دادەنرێ و لەگەڵ كۆمەڵێك ئەستێرەی تر دەرچووی ئەكادیمیای لاماسیای تایبەت بە پێگەیاندنی یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵ كارلیس پویۆڵ، چاڤی هێرناندیز، سیسك فابریگاس و لیۆنێل میسی.
هەرچەندە ساڵی رابردوو ئینێستا گرێبەستێكی تاهەتایی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئیمزا كرد، بەڵام پێشبینی دەكرێ كۆتایی ژیانی وەرزشی ئەو ئەستێرە لە یانەی بەرشەلۆنە نەبێت بەڵكو لە خولی تۆپی پێی چین بەیەكجاری واز لە یاریكردن بێنێ.
ئینێستا پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە لە كۆتایی ئەم مانگەدا بڕیاری كۆتایی لەسەر چارەنووسی دەردەكات و ئەو كات بڕیار دەدات لە یانەی بەرشەلۆنە بمێنێتەوە یان یانەكە جێبێڵێ.
جێی باسە ئینێستا لە ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە تا ئێستا زیاتر لە 400 یاریی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجامداوە و 31 ناسناویشی لەگەڵ یانەكە بەدەستهێناوە، هەروەها خاوەن گۆڵی بردنەوەی جامی جیهانی 2010یە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا.
وشە -
ئامانج ئهكرهم