ئەمڕۆ یادی 120 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردییە

:: AM:09:33:22/04/2018 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم 120 ساڵ بەسەر بڵاوكردنەوەی یەكەم رۆژنامەی كوردی تێدەپەڕێت و ئەمساڵیش لە كاتێكدا یادی رۆژنامەگەری كوردی دەكرێتەوە، هێز و لایەنە سیاسییەكان خەریكی بانگەشەكانی هەڵبژاردنن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لە هەموو بانگەشەیەكیشدا رۆڵی میدیا و رۆژنامەكان زیاتر بەرجەستە دەبێت.

لە 22 ی نیسانی ساڵی 1898 ی زاینی لەسەر دەستی مقداد مدحەت بەدرخان یەكەم رۆژنامەی كوردی لە قاهیرەی پایتەختی میسر بە ناوی كوردستان دەرچوو. ئەم رۆژنامەیە لە ماوەی پێنج ساڵدا لە شوێنی جیاواز چاپ كرا و بە گشتی  31 ژمارەی لێ دەرچووە.

رۆژنامەی كوردستان هەر بەو ناوە لە چەند سەردەمێكی تر دەرچوو، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە بناغەی رۆژنامەگەری كوردی 120 ساڵ لەمەوبەر دانراوە و ئێستە بە سەدان رۆژنامە و تەلەڤزیۆن و رادیۆ و گۆڤار و ماڵپەڕ و پەیجی تایبەتی لە سەرانسەری كوردستان خەریكی كاری رۆژنامەگەرین.

رۆژنامەی كوردستان گرنگییەكی تایبەتی هەبوو چونكە تا ئەوكات زمانی كوردی تەنیا قسەی پێ دەكرا یان لە چوارچێوەی شیعر و پەخشان و گێڕانەوە كاری پێ دەكرا، كاتێكیش یەكەم رۆژنامەی كوردی دەرچوو، كوردیش وەك هەموو گەلانی تری دنیا چووە ناو دنیای رۆژنامەگەرییەوە.

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە، ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامە و گۆڤار لە هەرێمی كوردستان داخران و لەم دواییەش لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەكانی هەڵبژاردن، دەست بە كردنەوەی كەناڵی نوێی تەلەڤزیۆنی و هەفتەنامە و چەندان بڵاوكراوەی تر كراوەتەوە.

مێژووی رۆژنامەگەری كوردی 293 ساڵ لەدوای دەركردنی یەكەم رۆژنامە لە دنیا دەست پێ دەكات. یەكەم رۆژنامە لە ئۆكتۆبەری 1605 لە ئەڵمانیا بەناوی Ordinarie Zeitung us دەرچوو.





وشە - سلێمان تاشان