مانچستەر خۆی گەیاندە یاریی كۆتای جامی ئینگلتەڕا
یانەی مانچستەر یونایتد بۆ 20مجار لە مێژوودا خۆی گەیاندە یاریی كۆتای جامی یەكەتیی ئینگلیزی دوای بردنەوەی لە یانەی تۆتنهام.
دوێنێ شەموو هەردوو یانەی مانچستەر یونایتد و تۆتنهام لە یاریی پێش كۆتای جامی یەكەتیی ئینگلیزی لەنێو یاریگەی وێمبڵی رووبەڕووی یەكتر بوونەوە.
یانەی مانچستەر یونایتد بەسەركردایەتی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی یارییەكەی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بردەوە و بەفەرمی خۆی گەیاندە یاریی كۆتای جامی یەكەتیی ئینگلیزی.
لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا لە خولەكی 11 دەیلی ئالی ئەستێرەی یانەی تۆتنهام گۆڵی یەكەمی یارییەكەی تۆمار كرد، لە خولەكی 24ی هەمان گێمدا ئەلێكسیس سانچێزی هێرشبەری چیلی گۆڵی یەكسانبوونەوەی بۆ یانەی مانچستەر یونایتد تۆمار كردەوە.
لە گێمی دووەمیشدا لە خولەكی 61 ئەندێر هێرێرا گۆڵی دووەم و سەركەوتنی بۆ یانەی مانچستەر یونایتد تۆمار كرد و یارییەكەش بەم ئەنجامە و بە 2-1 گۆڵ بۆ یانەی مانچستەر یونایتد كۆتایی هات.
بەمەش یانەی مانچستەر یونایتد هاوتای یانەی ئارسناڵ بۆ 20مجار خۆی گەیاندە یاریی كۆتای جامی یەكەتیی ئینگلیزی، بەڵام یانەی ئارسناڵ لە رووی بەدەستهێنانی جامەكەوە لە پێشەوە دێت كە تا ئێستا 13 جار بەرامبەر 12 جار جامەكەی بردبووەوە.
یانەی مانچستەر یونایتد ئەمە دووەمجارە لە ماوەی 3 ساڵدا دەگاتە یاریی كۆتای جامی یەكەتیی ئینگلیزی و لە ساڵی 2016 بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ لە یانەی كریستال پاڵاسی بردبووەوە و جامەكەی بەدەستهێنابوو.
ئەمڕۆ یەكشەم هەردوو یانەی چێڵسی و ساوتهامتۆن لە قۆناغی پێش كۆتای جامی یەكەتیی ئینگلیزی رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە و براوەیان لە رۆژی 19ی مانگی داهاتوو لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد یاریی كۆتای جامەكە لەنێو یاریگەی وێمبڵی ئەنجام دەدەن.
وشە -
ئامانج ئهكرهم