لە گەرمیان گەندەڵییەكانی شێوازی دابەشكردن زەوی نەهێشتووەتەوە

:: AM:09:39:22/04/2018 ‌

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، شوباتی ئەمساڵ بڕیاری دا بە دابەشكردنی 11 هەزار و 141 پارچە زەوی بەسەر خێزانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسی كە تا ئێستە سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی، بەڵام بەهۆی ئەوەی خەڵكێك چەندان جار زەوییان وەرگرتووە، رووبەرێكی ئەوتۆ زەوی نەماوەتەوە تا بەسەر ناوە تازەكاندا دابەش بكرێ.

بەمەبەستی خستەسەر زەویی شارەوانی، كشتوكاڵی گەرمیان بەشێك لە زەوییەكانی خۆی بە شارەوانیی كەلار دەدات. مەحموود  ئەحمەد نوێنەری حزبی شیوعیی كوردستان و ئەندامی نووسینگەی گەرمیانی زیندانییە سیاسییەكان، بە"وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان هیچ زیندانییەكی سیاسی زەوی وەرنەگرتووە، چونكە بەجێماوانی ئەنفال كە لە سەروبەندی تاوانی نەگریسی ئەنفالدا گەڕانەوە، بە زیندانی سیاسی ئەژمار كران.

ئەو گوتی، ئەوانەی وەك زیندانی سیاسی زەوییان وەرگرتووە، ئەوانە نین كە لە شاڵاوی ئەنفال گەڕاونەتەوە، بۆیە پێنج كاروان دەبن و ژمارەیان نزیكەی 500 كەس دەبێت. بەڵام بەگوتەی خۆی "لیژنەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی رابدروو سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان و شارەوانیی كەلاریان كردووە بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ ئەوەی زەویی كشتوكاڵ بخرێتە سەر شارەوانی و دابەش بكرێت بەسەر كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان.

بەپێی بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێم، لەو 11 هەزار و 141 پارچە زەوییە، پێنج هەزار و 69 پارچە زەوی بۆ رزگاربووانی شاڵاوەكانی ئەنفال و سێ هەزار و 398 پارچە زەوی بۆ خێزانی شەهیدانی سەنگەر و دوو هەزار و 674 پارچە زەویشیان بۆ زیندانییانی سیاسی تەرخان كردووە.

سەرباری نەبوونی زەوی كە بكرێتە موڵكی شارەوانی، "وشە" ئەوەی زانیوە لە ساڵانی رابردوودا نزیكەی 70 كەس زیاتر لەیەك زەوییان وەرگرتووە.

هاوكات نزار حەسەن داواكاری گشتیی گەرمیان، بە"وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا لە سنووری شارۆكەی كەلار، 69 كەس داواكاری گشتییان لێ ئاگادار كراوەتەوە كە زیاتر لە جارێك سوودمەند بوون لە زەوی. لەوكاتەوە لێكۆڵینەوە بەردەوامە و هەندێكی دەركەوتووە و ناوی لەیەكچوویان تێدایە، هەندێكیشی كێشە بۆ زەوییەكەی دروست بووە و نە دەتوانێت بیكات بە خانوو و نە دەتوانێت بیفرۆشێت.

لە بەرانبەردا ئەكرەم ساڵح سەرۆكی شارەوانیی كەلار، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە پرۆسەكانی دابەشكردنی زەوی لە ساڵانی رابردوو لە كاتێكدا بووە كە ئەو سەرۆكی شارەوانی نەبووە. ئاشكرای كرد "رووبەری ئەو زەوییانەی شارەوانی پێویستی پێیانە و دەبێ بكرێنە ناوی شارەوانییەوە بۆ دابەشكردن، دەگاتە 800 دۆنم زەوی".

بە گوتەی سەرۆكی شارەوانیی كەلار، لە پاش ساڵی 2006وە هیچ پارچە زەوییەك دابەش نەكراوە لە سنووری شارەوانییەكە، تەنیا ئەوە نەبێ ناو بەناو لە سنووری شارەدێی رزگاری كە بەزێدی ئەنفال ناسراوە، زەوی دابەش كراوە.

لای خۆیانەوە ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی كەلار "وشە"یان لەوە ئاگادار كردەوە كە ماوەی 12 ساڵە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام زەوییان پێ نەدراوە بەو بیانووەی پرۆسەكە راگیراوە یان زەوی نییە دابەشی بكەن.

ئەحمەد حەسەن یەكێك لەو فەرمانبەرانە، بۆ "وشە" گوتی، ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 600 فەرمانبەر و تا ئێستە فەرمانەكانیان لای خۆیان پاراستووە و چاوەڕێی زەوی دەكەن.

كەلار لە ساڵی 1970وە كراوەتە شارۆكە. لە ساڵی 2006ەوە بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران یەكەم ناوچەی كوردستانە كە وەك ئیدارەی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا كراوە.

وشە/گەرمیان- سەبری هۆرینی 




وشە - تایبه‌ت