له‌ عێراق 18 به‌رپرسى گه‌نده‌ڵ خۆیان كاندید كردووه‌ته‌وه‌

:: AM:10:24:22/04/2018 ‌
لیژنه‌ى ده‌ستپاكى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى ده‌كات، 18 به‌رپرسى گه‌نده‌ڵ بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مان خۆیان كاندید كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ 13یان فه‌رمانى گرتنیان هه‌یه‌.

 به‌ پێى هه‌واڵێك كه‌ له‌ رۆژنامه‌ى "ئه‌یام"ى به‌حرێنى بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، به‌ پێى زانیارییه‌كانى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، چه‌ندان به‌رپرس هه‌ن كه‌ به‌ تێوه‌گلان له‌ گه‌نده‌ڵى تۆمه‌تبار كراون، كه‌چى ئێسته‌ خۆیان كاندید كردووه‌ته‌وه‌ و له‌ پێشبڕكێى هه‌ڵبژاردنن.

 به‌ پێى زانیارییه‌كانى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى، 13 كه‌سیان به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى بڕیارى گرتنیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها پێنج كه‌سی تریش كه‌ گه‌نده‌ڵى كارگێڕییان ئه‌نجام داوه‌ ئه‌وانیش له‌ ریزى كاندیده‌كانن.

 ئه‌ندامانى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى په‌رله‌مان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه‌ به‌ یاسا رێگرى له‌ كاندیدكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌وان دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت له‌ رێى دادگاى فیدڕاڵه‌وه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دوور بخرێنه‌وه‌.

له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى رابردوو لیژنه‌ى ده‌ستپاكى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى كرد، یاداشتى گرتن و لێپرسینه‌وه‌ بۆ 18 وه‌زیر و 274 به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و نۆ بریكارى وه‌زیر، پێنج پارێزگار و سێ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان و 60 كه‌س له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان ده‌رچووه‌.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل