ئینگلیزییەكان ململانێ لەسەر ئێنریكی دەكەن

:: AM:11:50:22/04/2018 ‌

چەند یانەیەكی ئینگلیزی ركابەرییەكانیان دەست پێ كردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ لویس ئێنریكی راهێنەری پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی.

رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: چەند یانەیەكی ئینگلیزی لەنێویشیاندا هەردوو یانەی چێڵسی و ئارسناڵ ركابەرییەكی توندیان دەست پێ كردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئێنریكی تا لە وەرزی داهاتوودا ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەیان پێ بسپێرن.

سەرۆكایەتی یانەی ئارسناڵ لویس ئێنریكی وەك بژاردەی یەكەمی دیاری كردووە بۆ شوێنگرتنەوەی ئارسین ڤینگەری راهێنەری فڕەنسی كە بڕیاریداوە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا دوای نزیكەی 22 ساڵ بەیەكجاری ماڵئاواییان لێ بكات.

لەلایەكی تریشەوە رۆمان ئەبرامۆڤیچی سەرۆكی یانەی چێڵسی لە هەوڵی ئەوەدایە ئێنریكی رازی بكات بۆ وەرزی داهاتوو لە شوێنی ئەنتۆنیۆ كۆنتیی ئیتاڵی بكات بە راهێنەری تیپەكەی تا لەسەر دەستی ئەو دووبارە بگەڕێتەوە نێو ركابەرییەكانی بەدەستهێنانی خولی نایابی ئینگلیزی و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە چەند یانەیەكی تری ئینگلیزیش لە هەوڵی ئەوەدان ئێنریكی رازی بكەن، بەڵام بژاردەی یەكەمی ئەو راهێنەرە هەردوو یانەی ئارسناڵ و چێڵسییە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م