حووسییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر 19 كه‌شتى نه‌وت دا گرت

:: PM:01:33:22/04/2018 ‌
محه‌مه‌د ئال جابر باڵوێزى سعوودیه‌ له‌ یه‌مه‌ن ئاشكراى ده‌كات، میلیشیاى حووسییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر 19 كه‌شتى نه‌وتیدا گرتووه‌.

به‌پێى هه‌واڵێكى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب، محه‌مه‌د ئال جابر كه‌ باڵوێزى سعوودیه‌یه‌ له‌ یه‌مه‌ن ئاشكراى كردووه‌، له‌ ناوچه‌ى مختافى یه‌مه‌ن كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى حووسییه‌كاندایه‌، ئه‌و میلیشیایه‌ ده‌ستى گرتووه‌ به‌سه‌ر 19 كه‌شتى نه‌وتى كه‌ پڕ له‌ نه‌وت و پێكهاته‌ نه‌وتییه‌كانه‌.

 ئه‌م دیپلۆماتكاره‌ سعوودیه‌ ده‌ڵێ، "ناوه‌ندى پاڵپشتى كرده‌ مرۆیییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ چاودێرى ئه‌و كاره‌ى حووسییه‌كان ده‌كه‌ن، كه‌ رێ ناده‌ن كه‌شتییه‌كان بڕۆن و رێیش ناده‌ن باره‌كانیان خاڵى بكه‌نه‌وه‌.

ئاشكراى ده‌كات كه‌ زیاتر له‌ 26 رۆژ به‌سه‌ر گرتنى ئه‌م كه‌شتییه‌ نه‌وتییانه‌ تێپه‌ڕیوه‌.

راگرتنى كه‌شتییه‌ نه‌وتییه‌كان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ خه‌ڵكى یه‌مه‌ن به‌ ده‌ست نه‌بوونى سووته‌مه‌نى ده‌ناڵێنن، بۆیه‌ رێكخراوه‌ مرۆیییه‌كانیش هه‌وڵ ده‌ده‌ن چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌یه‌ بكه‌ن.

له‌ 26ى ئادارى 2015 هاوپه‌یمانێتى عه‌ره‌بى به‌ سه‌رۆكایه‌تیى سعوودیه‌، له‌ دژى حووسییه‌كان شه‌ڕ ده‌كه‌ن و پاڵپشتى ده‌سه‌ڵاتى عه‌بد ره‌به‌ مه‌نسوور هادى ده‌كه‌ن. ئه‌و میلیشیایه‌ش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌كرێت.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل