عەبادی و مالیكی هەوڵی پێشوەختە بۆ پێكهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی دەدەن

:: PM:02:44:22/04/2018 ‌


لە كاتێكدا هێشتا 20 رۆژ ماوەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، عەبادی دەیەوێت لەگەڵ كورد و سوننە زۆرینە پێك بهێنێ و مالیكیش دەیەوێت هاوپەیمانی نەسڕ لەبەریەك هەڵوەشێنێتەوە و بە بەڵێنی زۆرەوە هەوڵی پێكهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی دەدات.

لەگەڵ نزیكتربوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، ململانێیەكان گەورەتر دەبن و قسە لەسەر چەندان رێككەوتنی سیاسی دەكرێت و شكاندنی سیاسی لە نێوان هاوپەیمانیەتییەكان دەكرێت، هەر لایەكیش هەوڵ دەدات لێدانێكی كوشندە لەوی تر بدات بۆ مسۆگەركردنی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت و بردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی.

بەرپرسێكی سیاسی ئاگادار، دەڵێ ئەوەی دەگوزەرێت لە ململانێی سیاسی لە نێوان هاوپەیمانییە سیاسییە عێراقییەكان زۆر توند بووە، هەریەك هەوڵ دەدات براوەی هەڵبژاردن بێت و زۆرینەی پەرلەمانیش مسۆگەر بكات وەك گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان، بۆ ئەمەش دەست لە هیچ ناپارێزن و هەوڵی لاوازكردن و تێكشكاندنی هاوپەیمانیەتییە ركابەرەكانیان دەدەن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ هەوڵەكانی هاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی و هاوپەیمانییەتی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری لە هەوڵی وەشاندنی گورزێكی كەمەرشكێنن لە هاوپەیمانییەتی نەسڕ بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی لە رێی گوشار و بەڵێندان بە لیستەكانی ناو هاوپەیمانیەتییەكە تا دوای هەڵبژاردن خۆیان لە هاوپەیمانیەتییەكەی عەبادی بكشێننەوە.

ئەو سەرچاوە سیاسییە ئاگادارە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ مالیكی و عامری كار لەسەر هاوپەیمانییەتی نەسڕ دەكەن و هەوڵی لەبەریەك هەڵوەشانەوە و لاوازكردنی دەدەن، گوتی "گفتوگۆی نهێنی و پێوەندی تەلەفۆنیش بە بەردەوام لە نێوان هەردوو هاوپەیمانیەتییەكە هەیە لەگەڵ لیستەكانی ناو هاوپەیمانییەتی نەسڕ چ لەرێی گوشارەوە بێت یانیش پێدانی بەڵێنی گەورە گەورە تا دوای هەڵبژاردن لە هاوپەیمانیەتییەكەی عەبادی بێنە دەرەوە، ئەو هەوڵەی هەردوو هاوپەیمانیەتییەكەش ئێران لە پشتیەوەیەتی".

زیاتر گوتی "كشانەوەی هەندێك لیست دوای هەڵبژاردن لە هاوپەیمانیەتی نەسڕ، كاریگەری گەورە لەسەر دەنگ و كورسییەكانی عەبادی دروست دەكات و ئەگەری هەیە شكست بە عەبادی بهێنن لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوودا. تەنانەت هەندێك لە كاندیدەكان سەر بە عەبادی نین، كە چوونەتە ناو هاوپەیمانیەتییەكەش بە رێككەوتن بووە لەگەڵ مالیكی و عامری، دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكشێنەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە هەوڵەكانی عەبادیش دا، ئەوەی خستەڕوو پلانی عەبادی بە ئاراستەی كورد و سوننەیە دەیەوێت هەردوولا رازی بكات تا زۆرینەی پەرلەمانی پێكبهێنن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو، بۆیە زۆر گرنگی بەو ژمارە و لیستانە نادات كە ترسی كشانەوەیان هەیە لە لیستەكەی ئەو.

گفتوگۆ و پێوەندی بەردەوام هەیە لە نێوان عەبادی و لایەنی كوردی و سوننە، جۆرێك لە رێككەوتنیش هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە رەشنووسی كۆتا و رێككەوتن لەسەری. ئەو سەرچاوەیە وای گوت. ئەوەشی خستەڕوو دوای هەڵبژاردن ئەگەری زۆرە گۆڕانكاری گەورە و لێكترازان لە نێوان لیست و هاوپەیمانیەتییەكاندا روو بدات.

لەسەر ئەو پرسە جەمیلە عوبێدی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عەبادی ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە زۆرینەی هاوپەیمانیەتییەكان ئەگەری دوولەتبوونیان لێ دەكرێت، هاوپەیمانی نەسڕ لەمەدا دوور نییە، بۆیە چاوەڕوانكراوە هەندێك پەرلەمانتار بەگوێرەی بەرژەوەندی سیاسی و كەسی خۆیەوە بكشێتەوە و بچێتە ناو هاوپەیمانییەكی نوێ.

 روونی كردەوە پێ دەچێ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ تەنگژەیەكی سیاسی گەورە دروست بكات كە كۆتاكەی بە پێكهێنانی حكوومەتێكی سازانیی كۆتای پێ بێت و رەچاوی بەرژەوەندی هەموو حزب و تایفەیەك بكرێت، گوتی "پێكهێنانی حكوومەتی سیاسی زۆرینە زۆر ئەستەمە، چونكە حزبەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حزبی سازان دەكەن".

عەبادی چانسی زۆرە
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە چانسی عەبادی لە بردنەوەی هەڵبژاردن زیاترە لە هەموو هاوپەیمانیەتییەكانی تر و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ئەگەرچی لایەنەكانی تر هەوڵی پەرتەوازەكردنی هاوپەیمانی نەسڕ دەدەن.

بەسام تەمیمی كاندید لەسەر هاوپەیمانی مەدەنی دەڵێ هاوپەیمانیەتییەكەی عەبادی لەسەر ئەو گوشارە زۆرەی لەسەری هەیە، بەڵام هێشتا بەهێزترین هاوپەیمانیەتییە، جگە لەمە عەبادی توانیویەتی لە كورد و سوننە نزیك ببێتەوە، هاوكات گفتوگۆكانیش لەگەڵ هاوپەیمانی سائرون كە زیاتر بە هاوپەیمانیەتییەكەی رەوتی سەدر ناسراوە، باش دەڕواتە ڕێ و دەرئەنجامی هەیە.

زیاتر گوتی "ئەگەرچی مالیكی كەسایەتییەكی بەهێزە و دیارترین ركابەری عەبادییە، بەڵام هێزی ئەو پشت دەبەستێت بە كەرتبوونی هاوپەیمانی نیشتمانی".

 تەمیمی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئەو لیست و لایەنانەی گفتوگۆ لەگەڵ عەبادی دەكەن، ركابەری لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران ناكەن، بەڵكو دەیانەوێت زۆرترین دەستكەوتی سیاسی بەدەست بهێنن.

ئەوەشی روون كردەوە، ئەگەر لەم روانگەیەوە بەراوردێك لە نێوان عەبادی و مالیكی بكەین، دەبینین ئەوەی یەكەم كێبەركێكاری نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام ململانێی نێوان مالیكی و هادی عامری ئەگەری زۆرە هەر نزیكبوونەوەیەكی نێوانیان خۆی ببێتە سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیەتییەكە دوای هەڵبژاردن.
 
جێیی باسە رۆژی 12ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت كە 24ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە بە 206 هاوپەیمانی و لیست كە حەوت هەزار كاندیدیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی پەرلەمان.

 



وشە - فه‌رمان سادق