گوتەبێژ بەناوی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێكدا وردەكاری هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراقی لە سنووری خاكی سووریا بڵاوكردەوە، كە بەوهۆەوە 36 چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كوژراون.
عەمید یەحیا ڕەسوول لە
ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق لە جۆری ئێف – 16 چەند گورزێكیان لە ناو خاكی سووریا ئاراستەی بنكە و بارەگەكانی تیرۆریستانی داعش كردووە، كە بوونەتە مەترسی بۆ سەر سنوورەكانی عێراق و سووریا.
زیاتر گوتی، هێرشەكە بە پشت بەستن بە زانیاری وردی هەواڵگری ئەنجام دراوە، كۆبوونەوە و چالاكییەكانی داعش لە ناوچە سنوورییەكانی سووریا بە وردی كراونەتە ئامانج و بە تەواوی بۆردمان كراون، هەڵمەتە ئامانجەكانی خۆی بە تەواوی پێكاوە.
ئاماژەی دا، سەرچاوە هەواڵگرییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، كە لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بنكەیەكی كۆبوونەوەی سەركردەكانی داعش كراونەتە ئامانج كە بەوهۆیەوە 36 چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كوژراون كە لە نێویان دا سەركردەكانی داعش بە ناوی "ئەبو سەلام، ئەبو تارقی حەمدانی، ئەبو مریەمی عەكاوی، ئەبو حوسێن، ئەبو یاسر، ئەبو جەعفەر" سەرجەمیان بەر بۆردمانەكە كەوتوون و گیانیان لە دەست داوه.