بایرن به‌ هه‌ر نرخێك بێت ده‌یه‌وێ كلوب بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ئه‌ڵمانیا

:: PM:05:02:28/11/2016 ‌

یانه‌ی بایرن میونشنی ئه‌ڵمانی، ده‌یه‌وێ هه‌رچۆنێك بێت، ڕاسته‌وخۆ دوای كۆتاهاتنی گرێبه‌سته‌كه‌ی ئه‌نچیلۆتی، یورگن كلوب له‌ یانه‌ لیڤه‌رپوول بستێنێ.

ڕاپۆرته‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ به‌ریتانییه‌كان ئاشكرای ده‌كه‌ن، یانه‌ی بایرن، له‌ ئێسته‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یورگن كلوب ڕاهێنه‌ری ئه‌ڵمانیی یانه‌ی لیڤه‌رپوول، تا دوای كۆتاهاتنی گرێبه‌ستی كارلۆ ئه‌نچیلۆتیی ئیتاڵی، ببێته‌ ڕاهێنه‌ری یانه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌دوای دابه‌زینی ئاستی یانه‌كه‌یه‌ كه‌ پله‌ی یه‌كه‌می ڕێزبه‌ندی به‌ شێوه‌ی كاتی له‌ده‌ست داوه‌ و چه‌ند یارییه‌كی له‌ چامپیۆنز لیگ و بۆندسلیگا دۆڕاندووه‌ و شێوازی یاریكردنیشی ئه‌و خێرایی و تاموچێژه‌ی نه‌ماوه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می پیپ گواردیۆل هه‌یبوو.

یورگن كلوب ڕاهێنه‌ری پێشووی بروسیا دۆرتمۆندی ئه‌ڵمانی كه‌ یانه‌كه‌ی له‌ شكستی گه‌وره‌وه‌ هێنایه‌وه‌ ململانێكان و به‌ ڕزگاركه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا ناو ده‌برێ، گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی بۆ شه‌ش ساڵه‌، واته‌ كاتێك گرێبه‌ستی ئه‌چیلۆتی له‌ بایرن ته‌واو ده‌بێ، ئه‌و هێشتا دوو ساڵی ماوه‌، بۆیه‌ یانه‌ باڤارییه‌كه‌ ده‌بێ پاره‌یه‌كی زۆر خه‌رج بكات تا، لیڤه‌رپوول ڕازی بكات به‌ ده‌ستبه‌رداربوونی، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌گه‌ر كلوب خۆی ڕازی بێت، چونكه‌ پێشتر ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندبوو كه‌ بیری له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ ببێته‌ ڕاهێنه‌ری بایرن.

یورگن كلوب توانیویه‌تی یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزیش له‌ شكست ڕزگار بكات و ئێسته‌ ته‌نیا یه‌ك خاڵی له‌گه‌ڵ یه‌كه‌می ڕیزبه‌ندی خولی ئینگلیزی جیاوازی هه‌یه‌، چاوه‌ڕێش ده‌كرێ بتوانێ خوله‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنێ، چونكه‌ ئه‌نجامه‌كانی ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و باشبوون ڕۆشتن، واته‌ توانیویه‌تی ئاستی تیپه‌كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌رز بكاته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی یانه‌ی ڕێدز (سووره‌كان) ناچار بن گرێبه‌ستی زۆر ئه‌نجام بده‌ن.

سه‌رچاوه‌: دیه‌لی میرۆر


وشە - كوردۆ شابان