یەكێتی باسی مەترسییەكی تر لە كەركووك دەكات

:: PM:04:09:22/04/2018 ‌
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی پیلانگێڕییەكی گەورە لە كەركووك دەكات و ئاشكرای دەكات، مەترسی سڕینەوەی نەتەوەی كورد لە كەركووك هەیە. ئەو قسانەی یەكێتی دوابەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو دێت كە چەند كەسێكی ناو ئەو حزبە لە پشتی ئەو خیانەتەوە بوون و كەركووكیان خستەوە ژێر دەسەڵاتی چەكداریی بەغدا.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی نیسان/ ئەپریل، ڕێبوار تەها ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی لە كەركووك ئەنجام دا و ڕای گەیاند، مەترسییەكی گەورە لەسەر نەتەوەی كورد لە كەركووك هەیە و لایەنی عەرەبی و توركمانی بە شێوەیەكی دوژمنانە هێرش دەكەنە سەر نەتەوەكەمان.

زیاتر گوتی، بەشێك لەو ئەندامانەی توركمان و عەرەب كە خۆیان كاندید كردووە بۆ پەرلەمان و ئەگەر دەربچن گومانی تێدا نییە هەڵمەتی سڕینەوەی یەكجاریی كورد لە كەركووك دەست پێ دەكات.

لای خۆیەوە ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ "وشە" ڕای گەیاند، ڕاستە بانگەشەی هەڵبژاردن لە كەركووك دەستی پێ كردووە، بەڵام بانگەشەكە لەژێر كەشێكی باش بەڕێوە ناچێت و دەسەڵاتی كەركووك دەیەوێت كۆنترۆڵی تەواوی جومگەكان بكات.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی داگیر كراوە و لەو كاتەوە تا ئێستە كورد لە شارەكەدا پەرەتەوازە بوون. هاوكات پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی داگیركردنی شارەكە لەلایەن بەغداوە ئامادە نەبوو بەشداری هەڵبژاردنەكان لەو شارەدا بكات.

 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم