سەندەی تایمز: ئەگەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل چین؟

:: PM:04:21:22/04/2018 ‌


ئەگەرچی سنووری هاوبەشیان نییە و دووری نێوانیشیان 600 میل زیاترە و لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەدیش لە دەسەڵات لە سووریا كۆكن، بەڵام هەر كاتێك باسی سووریا دەكرێت، ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێكی گەورە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دەكرێت كە بە قسەی پڕۆفیسۆر لۆرنس فریدمان مامۆستای زانستە جەنگییەكان لە زانكۆی كینگز، لە بەرژەوەندی هیچ كامیان نییە.

پڕۆفیسۆر لۆرنس فریدمان مامۆستای زانستە جەنگییەكان لە زانكۆی كینگز دەڵێ، رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامی دەبێت، بەڵام هەردوولاش ئەوە دەزانن جەنگێكی فرەلایەن و گەورە لە بەرژەوەندی كەسیان نییە.

ئەو لێكۆڵەرە سیاسییە لە وتارێكیدا لە رۆژنامەی "سەندای تایمز" كە رۆژنامەی "عەرەبی 21" كردوویەتی بە عەرەبی، ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئێران و ئیسرائیل ماوەیەكە دژ بەیەك وەستاونەتەوە، بەڵام هەردوولا دوژمنێكی یەكتری ئاسایی نین چونكە 600 میل لە یەكترەوە دوورن و هیچ كێشەیەكی سنووریشیان نییە، جگە لەمە كاتێك باس لە داهاتووی بەشار ئەسەدیش دەكرێت لە سووریا هەردوولا كۆكن لەسەر مانەوەی لە حوكم، هەردوولاش ترسیان لە رووخانی رژێمەكەی ئەو هەیە كە كێ جێی دەگرێتەوە.

بەگژیەكداچوونەوەی ئیسرائیل و ئێران لە كاتێكدایە لە سەردەمی شای ئێران هەردوو وڵات رێككەوتنێكی ستراتیجییان بەست كە هیچ كامیان متمانە بە وڵاتانی عەرەبی نەكەن و ئێرانیش جووەكان لە وڵاتەكەی وەدەر نەنێت هەروەك ئەوەی لە وڵاتانی عەرەبی رووی دا، بەڵام دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ساڵی 1979، پێوەندی نێوانیان داڕما بەتایبەت دوای ئەوەی رژێمی ویلایەتی فیقهی كە دەسەڵاتی لە ئێران گرتە دەست، كێشەی فەلەستینی كردە سەرمەشقی ئامانجەكانی.

لەسەر ئەو پرسە فریدمان دەڵێ ئێران دەستی بەچەندان رێ گەیشتووە بۆ دەرخستن و نمایشكردنی هێزی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەتای ئەو نمایشە لە رێی كۆمەككردنی دارایی حزبوڵای لبنانی بوو، دواتر عێراق و پاشان سووریا، لە هەمووشی ترسناكتر بۆ ئیسرائیل بەردەوامبوونی لەسەر بەرنامەی ناوەكی كە ئێستە تەنگژەی لەسەر هەیە.

زیاتر گوتی "ئیسرائیل بەرنامەی ئەتۆمی هەیە وەك پەرژینێك بۆ پارێزگاریكردن لە خۆی بەكاری هێناوە، بۆیە بەهای بەرنامە ناوەكییەكەی پووچ دەبێتەوە ئەگەر یەكێك لە دوژمنەكانی توانی دەستی بگات بە بەرنامەیەكی ناوەكی و چەكی ئەتۆم، ئەمەشە وایكردووە ئیسرائیل هێرشی تاكلایەنە دژ بە بەرنامەی هەر وڵاتێك ئەنجام بدات كە پێی وایە مەترسی لەسەر بوونی دروست دەكات وەك ئەوەی ساڵی 1981 هێرشی كردە سەر بەرنامەی ناوەكی عێراق، ساڵی 2007 هێرشی كردەسەر بەرنامەی ناوەكی سووریا و ئامادەشە هەمان كار دژ بە بەرنامەی ناوەكی ئێران ئەنجام بدات، ئەگەرچی ئەوەی ئێران بەرنامەكە فراوانترە و بەهێزێكی زۆریشەوە پارێزگاری لێ دەكرێت.
 
ئەو لێكۆڵەرە سیاسییە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئیسرائیل لەسەر ئەو پرسە بێدەنگ نەبووە و بەدەنگی بەرزیش هەڕەشەی كردووە، بەڵام هیوا دەخوازێت ئەمەریكا ئەو كارە لە بڕی ئیسرائیل ئەنجام بدات، بەڵام ئەمەریكا ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا رێككەوتنی لەسەر بەرنامە ناوەكییەكەی ئێران كرد كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە، ئەمەریكا ناتوانێت گورزی سەربازی لێ بوەشێنێت، ئەمەش نیگەرانی زیاتری لای ئیسرائیلییەكان دروست كردووە بەتایبەت كە هیوای دەخواست ئەمەریكا كۆتا بە بەرنامە ناوەكییەكەی ئێران بەیەكجاری بهێنێت نەك رێككەوتنی لەگەڵ ئەنجام بدات، بە تەنیاش رەنگە ئاسان نەبێت هێرش بكاتە سەر بەرنامە ناوەكییەكەی ئێران.

 فریدمان باس لە روانگەی ئێران بۆ پرسەكان دەكات و دەڵێ، لە دیدی ئێران پاراستنی رژێمی دەسەڵاتدار لە عێراق و سووریا ئەولەویەتی رژێمی ویلایەتی فیقهییە دژ بەو مەترسییانەی لەسەری هەیە، بۆیە جەنگی پارێزگاریكردن لە بەشار ئەسەد زۆر لەسەر تاران كەوتووە و زیانی زۆریشی كردووە تا دەگات بە بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی لەناوخۆی ئێرانیش كە داوای وەستاندنی سەركێشی دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی هەرێمایەتی دەكەن و لە جێی ئەوەدا گرنگی بە بووژاندنەوەی ئابوور ی وڵات بدرێت.
 
"ئێران پلان دادەڕێژێت بۆ مانەوەیەكی درێژخایەن لە سووریا، بەڵام رەوشی ئەو وڵاتە جێیەكی باش نییە بۆ پلانێكی درێژخایەن دژ بە ئیسرائیل كە لەمەدا ئیسرائیل باڵادەستی سەربازی بەسەر ئەو وڵاتە هەیە، بۆیە ئێران رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە لە هێرشەكانی ئیسرائیل دژ بە سووریا و پێگە و بارەگا و سەربازگە سەربازییەكانی". فرێدمان وا دەڵێت. روونی دەكاتەوە، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بكات، ئەوا پاساوی حازر بەدەستی هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە هەڵگیرسانی شەڕێكی فراوان بكات، چونكە ئیسرائیل هیچی دەست ناكەوێت ئەگەر بڕیاری داگیركردنی سووریا بدات، چونكە لەمەدا ئەزموونی هەیە كە دوای داگیركردنی بە ناچاری لە باشووری لبنان و كەرتی غەزە كشایەوە كە دواتر هەردوو ناوچەش بوون بە پێگەیەكی بەهێز بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل، لەمەشدا ئەوەی هەڕەشەی هەرە گەورەیە بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو هەزاران مووشەكەیە بەدەست حزبوڵای لبنانی.

 زیاتر گوتی "ئەگەرچی ئیسرائیل لەم ساڵانەی دواییدا هێزی بەرگری بەهێز كردووە، لەگەڵ ئەمەشدا ناتوانێت كارێكی وەها بكات بتوانێت ئەو هەموو مووشەكبارانە بوەستێنێت، بۆیە لە هەوڵدایە دۆناڵد ترەمپ هان بدات تا هەڵوێستێكی توند دژ بە ئێران وەربگرێت، بەڵام هیچ گەرەنتییەك نییە لەوەی بتوانن ترەمپ بە دڵی خۆیان بجووڵێنن".
 
فرێدمان ئەوەش دەخاتەڕوو كە تاكە چارەسەری ئیسرائیل كە كاری لەسەر دەكات، هەوڵدانە بۆ فشار خستنەسەر ئەمەریكا تا كۆتا بە رۆڵی كاریگەری ئێران لە سووریا بهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە ئاسایی كردووەتەوە، بەڵام پرسی ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل و كێشەی فەلەستین هێشتا بەربەستە هەرە گەورەكەیە لە بەردەم گەشەسەندنی پێوەندییەكانیان.

ئەوەشی خستەڕوو كە رووسیا تاكە وڵاتە دەتوانێت لەیەك كاتدا پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران هەبێت، بۆیە بۆ رووسیا هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە زیانێكی زۆری پێ دەگەیەنێت بەتایبەت لەسەر خاكی سووریا، بەڵام ئەو وڵاتەش هیچ هەژموونێكی وەها نییە بتوانێت چارەسەرێك بەسەر هەردوو وڵات بسەپێنێت.



وشە - فه‌رمان سادق