باران بارین تاكەی بەردەوام دەبێت؟

:: PM:05:38:22/04/2018 ‌
كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان پێشبینی بۆ باران بارین ڕاگەیاند و بەپێی پێشبینییەكانی تا سبەی دووشەم ئەو شەپۆلە باران بارینەی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە بەردەوام دەبێت و لەچەند ڕۆژی داهاتوویش شەپۆلێكی تری باران ڕوو لە ناوچەكە دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی نیسان/ ئەپریل، شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە و تا ئامادە كردنی ئەم هەواڵەیش باران بارین لە هەولێر و چەند ناوچەیەكی تر بەردەوامە. ئەژی چەتۆ بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، ئەم شەپۆلی بارانبارینە درێژبووەوەی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاستە و پێشبینی دەكرێت تا سبەی بەردەوام بێت.

بەرپرسەكەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئەوەیشی خستەڕوو، ئەگەر سبەی باران بارین لە شارەكان كۆتای بێت ئەوە لە ناوچە شاخاوییەكان ئەگەری بەردەوامی هەیە.

پێشتر كەشناسی پێشبینی كردبوو كە سبەی دووشەم ئاسمانی كوردستان لە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست دەمێنێتەوە، لە هەولێر و سلێمانی ئاسمان نیمچە هەور دەبێ لە زۆربەی ناوچەكان، لە ناوچە شاخاوییە سنووریییەكانیش نمەباران دەبێ، لە دهۆك ئاسمان نیمچە هەور دەبێ، لەگەڵ ئەگەری كەمێك باران لە ناوچە شاخاوییە سنووریییەكان، لە كەركووكیش ئاسمان نیمچە هەور دەبێ و پاشان بۆ پەڵە هەور دەگۆڕێ، بەرزترین پلەی گەرما 27 پلە و نزمترین پلەیش 14 پلەی سیلیزی دەبێ.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم