هێزە سیاسییەكانی عێراق بەر لە هەڵبژاردن لەسەر پۆستەكان رێك دەكەون

:: PM:08:00:22/04/2018 ‌

هەڵبژاردنەكانی عێراق نزیك بووەتەوە كە لە 12ی ئایاری داهاتوو دێتە سازكردن، لەو كاتەی بەغدای پایەتەخت چەند كۆبوونەوەیەكی لایەنە سیاسییەكان لەخۆ دەگرێت بۆ رێخۆشكردن بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای لێكدانەوەی دادگەی فیدراڵی عێراق لە 2010 بۆ دەستووری عێراق كە دووپاتی كردەوە گەورەترین بارستەی پەرلەمان لە دوای هەڵبژاردن، نەوەك بارستەی براوە بە زیاترین كورسی، حكوومەتی پێك دێنێت. 

سیاسەتوانان لە بارستە جیاجیاكانی عێراق ئاشكرای دەكەن كە لە ئێستەوە گفتوگۆی رژد بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو و دابەشكردنی پۆستە سەرەكییەكانی دەستی پێ كردووە، هەروەها دواخستنی ناكۆكی لەسەر هەندێك پۆستی تر.

لەو بارەوە ژمارەیەك لە هێزە سوننەكان لەسەر داوای سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی رێكخستن و هاوئاهەنگی هەڵوێستیان كۆبوونەوە و كەسانی نزیك لە كۆبوونەوەكە ئاشكرایان كرد كە ناكۆكی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵكردنی ئەوان هەیە لەگەڵ هەردوو پۆستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران كە بەشێكی زۆریان پێیان باشترە سوننە سەرۆكایەتیی پەرلەمان لای خۆی بێڵێتەوە.

هەر لەو بارەوە سەرچاوەكان رایان گەیاند كە كە ناكۆكییەكان لە نێوان هێزە شیعەكان لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان فرەوانتر دەبێت، بەڵام هاوكات لە رۆژانی رابردوودا كۆبوونەوە لە نێوان ژمارەیەك لە سەرانی سەرەكیی شیعە كراوە و گەیشتووەنەتە ئەو ئەنجامەی كە رێكبكەونەوە لەسەر پێكهێنانەوەی "هاوپەیمانی نیشتیمانی" یان دیاریكردنی ناوێكی تر بۆ ئەو هاوپەیمانیەتییە بەمەستی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق و دەستكردن بە گفتوگۆ لەگەڵ هێزەكانی سوننە و كورد بۆ ئەو مەبەستە.

لەو كاتەی بارستەی تر وای دەبینن كە هەڵبژاردنی 2018 پێكهێنانی بارستەی گەورە لە چوارچێوەی "زۆرینەی سیاسی" فرەوان بەخۆیەوە دەبینێت كە بەشێك لە ركابەران بەرەو ئۆپۆزسیۆنبوون پاڵ دەنێت.

دوێنێ ژمارەیەك لە پارتە گەورەكانی كوردی بۆ رێكخستن و هاوئاهەنگیكردنی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكان بەتایبەتی لە كەركووك كۆبوونەوە، لەو كاتەی بەشێك لە پارتە كوردییەكان دەیانەوێت بۆ ئەمجارەی هەڵبژاردن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە كورد بدرێت لە بەری سەرۆك كۆمار. 

بەپێی لێكدانەوەیەكی دادگەی فیدراڵی عێراق كە لە 2010 لە دوای هەڵبژاردنەكان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی نێوان هەردوو لیستەكەی ئەیاد عەلاوی كە توانی زیاترین كورسی پەرلەمان بەدەست بێنێت و لیستەكەی نووری مالیكی كە دووەم زیاترین كوردسی بەدەست هێنا، ئەو كات دادگەی فیدراڵ مادەی تایبەت بە دەستووری عێراق لەو بارەوە وا لێكدایەوە كە ئەو لایەنە حكوومەت پێك دێنێت كە لەناو پەرلەمان دەتوانێت گەورەترین هاوپەیمانی پێك بێنێت.

ئەو لێكدانەوەیە بووە رێگرێك بۆ ئەوەی لیستی وەتەنییە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق ئەو كات و بەهەمان شێوەش بۆ رێگرتن لە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ پێكهێنانی حكوومەت لە 2014 بەكار هات. 

ژمارەیەك لە چاودێران پێیان وایە كە ئەو دەقە دەستوورییە پاساوێك بە هێزە سیاسییەكان دەبەخشێت بۆ ئەوەی بەر لە هەڵبژاردنەكان و دەرچوونی ئەنجامەكانی هەوڵی تەوافوقكردن بدەن بۆ رێككەوتن لە نێوان خۆیان و كەمكردنەوەی ماوەی پێشبینیكرداو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، ئەگەرچی كەسانی تر وای دەبینن كە چەند گۆڕانكارییەك هەن كە قۆناغی دوای هەڵبژاردن دەیسەپێنن. 

موحسین سەعدوون، پەرلەمانتاری كورد و ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەڵێت، ئەو لێدوانانەی لە ئێستاوە لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق لەلایەن بارستەیەك و كەسایەتییەكی دیاریكراو دەكرێت، دەچێتە قاڵبی هەوڵەكانی ئەو بارستە و پارتانە بۆ بەدەستهێنان و راكێشانی دەنگی شەقام.

زیاتر گوتی، دەستووری عێراق دیاری نەكردووە كە كام تایفە حكوومەت پێك دێنێت یان میكانیزمی دابەشكردنی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی دیاری نەكردووە، بەڵكو مادەی 76ی دەستوور دووپات لەوە دەكاتەوە كە گەورەترین بارستەی پەرلەمان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش دەكات، هەرچی دوو پۆستەكەی ترە، واتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوە لە رێگەی تەوافوقی سیاسییەوە دیاری دەكرێن.

سەعدوون روونی كردەوە، بۆیە كەس ناتوانێت لە ئێستەوە پۆستی سەرۆك وەزیرانی یەكلا بكاتەوە و ئەوەی لەو بارەوە دەگوترێت و هەیە بانگەشەی هەڵبژاردنە.

بەر لە مانگێك لە ئێستە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە پاڵپشتی لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق دەكات لەسەر بنەمای زۆرینەی سیاسی، نەوەك تەوافوقی تایفی و مەزەوی، ئەگەر ئەوە یاریدەر بێت بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێكی بەهێز. 

لای خۆیەوە حوسێن عادلی، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، رای گەیاند كە حكوومەتی داهاتووی عێراق دوور لە بەشبەشێنەی تایفی و بە سەرۆكایەتی عەبادی پێك دێت.

ئەو لە بەیاننامەیەكدا زیاتر گوتی، ئەو حكوومەتی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو دروست دەبێت لەسەر بنەمای حەقبەشی هەڵبژاردن و نیشتیمانی دەبێت و پرۆسەی پێكهێنانیشی نیستیمانی و دوور لە تاكڕەوی فەرمانڕەوایی دەبێت.


هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری داهاتوو لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دێتە سازكردن كە تیایدا زیاتر لە 24 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و زیاتر لە شەش هەزار كاندید كێبەركێ بۆ بەدەستهێنانی 328 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكەن.

سەرچاوە ئەلحەیات





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل