پارە بۆ مووچەی هێزەكانی ناوخۆ زیاد كرا

:: PM:08:35:22/04/2018 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا دوو ملیار دینار بۆ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاد بكات بۆ ئەوەی ڕێژەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتەی پێ كەم بكرێتەوە.
 
تا ئێستە لیستی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رانەگەیەنراوە ئەوەیش بەهۆی ئەوەی لیستی پاشەكەوتی مووچە لەنێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ هیچ بڕیارێكی لەسەر نەدراوە تا رێژەی پاشەكەوتی مووچەی ئەو وەزارەتە هاوشێوەی وەزارەتەكانی تر كەم بكرێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 22ی نیسان/ ئەپریل، رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی دوو ملیار دینار بۆ وەزارەتی ناوخۆ زیاد كرا.

زیاتر گوتی، زیاد كردنی ئەو پارەیە بەمەبەستی باشكردن و دەستكاریكردنی بڕی پاشەكەوتی مووچەی پاسەوانان دەبێت. لێدوانەكەی وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ یەكەی پاسەوانی تایبەت لە هەولێر و  سلێمانی خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و داوای كەمكردنەوەی ڕێژەی پاشەكەوتی مووچەكانیان دەكرد.

مانگی ڕابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێژەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كەمكردەوە، بەڵام ئەم كەمكردنەوەیە تا ئێستە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری لەسەر نەدراوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم