داوا دەكرێت بەغدا بەشە خۆراكی فەوتاوی هاووڵاتییان قەرەبوو بكاتەوە

:: PM:09:23:22/04/2018 ‌
بەڕێوەبەری دابەشكردنی بەشە خۆراكی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، تا ئێستە هیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی بەشە خۆراكی فەوتاوی هاووڵاتییان لەلایەن بەغداوە قەرەبوو بكرێتەوە و دووپات لەوەیش دەكاتەوە كە بۆ ساڵی 2018 بەشە خۆراك لە كاتی خۆیدا مانگانە دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی نیسان/ ئەپریل، شەوكەت محەمەد بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان تا مانگی رابردوویش هی ساڵی 2017 بووە و و ماوەی دوو ڕۆژیشە دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگی یەكی ساڵی 2018 دەستی پێ كردووە.

زیاتر گوتی، بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان لە ساڵی 2017 مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەش نەكراوە، بەڵام تا مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو بەشە خۆراك دابەش كراوە و دواتر كەوتووینەتە ساڵی 2018.

بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێم گوتی، تا ئێستە لە لایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاگادار نەكراوینەتەوە لە بارەی شێوازی قەرەبووكردنەوەی ئەو بەشە خۆراكانەی كە نەدراونەتە هاووڵاتییان و بە فەوتان دانراوە، بۆیە پێویستە بەغدا بڕیار لەوبارەیەوە بدات.

دووپاتیشی كردەوە كە دابەشكردنی بەشە خۆراكی ساڵی 2018 دەستی پێ كردووە و هیچ ئەگەرێكیش نییە بۆ نەدانی بەشە خۆراكی هاووڵاتییان.

ئێستە بەغدا تەنیا سێ مادەی خۆراكی وەك بەشە خۆراكی هاووڵاتییان دابەش دەكات و لەگەڵ ئەوەیشدا بەشە خۆراك مانگانە لە كاتی خۆیدا نادرێت، هاووڵاتییانیش گلەییان لە كوالێتی ئەو مادە خۆراكییانە هەیە كە دابەش دەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم