ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوان شاندی حكوومەتی هەرێم و ئەڵمانیا

:: PM:09:30:22/04/2018 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 22ی نیسان/ ئەپریل، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە د. گێرد مولەر وەزیری هاوكاریی ئابووری و بووژانەوەی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئەڵمانیا پێكهاتبوون.

بەپێی  ڕاگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكدا مولەر قارەمانییەتیی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی تەواوی پێكهاتەكان لە تیرۆر و هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دنیا و دەوروبەر بەرز نرخاند، هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

مولەر ئاشكرای كرد كە ئەڵمانیا گرنگییەكی زۆر بە پێوەندییە دێرینەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات و خوازیارە پێوەندییەكان لە هەموو ئاستەكان زیاتر بەرەو پێشەوە ببات بەتایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانیدا.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتی كردەوە كە پەرەپێدانی پێوەندییە‌كان، لە كارە لەپێشینەكانی هەرێمی كوردستانە. دواتر پوختەیەكی دەربارەی گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا و چارەسەركردنی بەشێك لەو كێشانەی لەنێوان هەردوولادا هەیە و بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی و پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق خستە ڕوو.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوە دا كە لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەرفەتی باش بۆ سەرمایەگوزاری هەیە و لەمبارەیەوە هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەكی بۆ هاتنی كۆمپانیا بیانییەكان نیشان دا، بەڵام چاوەڕێی ئەوەش دەكەن وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتی ئەڵمانیا هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەو كێشانەی ڕووبەڕووی عێراق و هەرێمی كوردستان بوونەتەوە،‌ بەتایبەتی لە بوارەكانی ئیداری و پێشكەشكردنی هاوكاریی تەكنیكی.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم