كۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و كیم جۆنگ ئون سەركردەی كۆریای باكور بووەتە پرسی رۆژەڤ، هەموو دنیا چاوی لەسەرە كە كەی و لە كوێ كۆ دەبنەوە و چۆن چۆنی باسی ناكۆكییەكانی نێوانیان دەكەن؟.
تا ئێستا چەندان شار و وڵات قسەیان لەسەر كراوە كە پێشوازی لە كۆبوونەوەی لووتكەی ترەمپ و كیم دەكەن، تا دێت بازنەی شار و وڵاتانیش بچووكتر دەكرێتەوە كە ئێستا قسە لەسەر پێنج شوێن دەكرێت و هەندێك وڵاتیش لە بازنەكە دوور خراونەتەوە، لەوانە ئەمەریكا و چین.
هەندێك لە چاودێران پێشبینی دەكەن كۆبوونەوەكە لە (ئۆلان باتوور)ی پایتەختی مەنگۆلیا ئەنجام بدرێت یان لە (بانكۆك)ی پایتەختی سەنگاپوورە، بەڵام هەندێكی تر باسی سووید دەكەن.
بەشێك لە چاودێران پێیان وایە شەمەندفەرە تایبەتەكەی كیم شوێنی كۆبوونەوەكە دەستنیشان دەكات، بەو پێیەی كیم زۆر ئارەزوو دەكات بە شەمەندەفەرە تایبەتەكەی گەشت بكات، هەروەك چۆن لە مانگی رابردوو گەشتێكی تایبەتی بۆ چین پێ ئەنجام دا، یانیش ئەگەر ئارەزوو بكات بە فڕۆكە گەشت بكات.
فۆبیای فڕۆكە
پرسیارێك لای چاودێران دروست بووە، ئایا سەركردە گەنجەكەی كۆریای باكور فۆبیای فڕۆكەی هەیە هەروەك باوكی كە هەمیشە ترسی هەبوو لەوەی بە فڕۆكە گەشت بكات؟، یانیش گەشتكردنی بۆ چین بە شەمەندەفەرە تایبەتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هۆكاری لۆجیستی و تەناهی؟.
ئەوەی لای هەمووان روونە كە كۆریای باكور دابڕاوە و بەدەست گەمارۆكانەوە گیرۆدە بووە، تەنیا كەشتییەكی جەنگی هەیە كە جێگەی هەندێك فڕۆكەی لێ دەبێتەوە، پێ دەچێت فڕۆكەكانیشی كە لە جۆری "تۆبۆلیڤ تی یو 20"ی رووسین، تەنیا تا سەنگاپوورە بفڕێت یانیش بگاتە ئەوروپا، بەو مەرجەی بتوانێت لە جێگەیەك بوەستێت و پڕ سووتەمەنی بكرێتەوە.
رەنگە سویسڕا یەكێك بێت لەو وڵاتانەی بەربژێر بێت بۆ پێشوازی لە كۆبوونەوەی لووتكەی ترەمپ و كیم، بەو پێیەی ژنێڤ شارەزایەكی زۆری هەیە لەو جۆرە پێشوازییە سیاسیانە، بەڵام هاوشانی سویسڕا ناوی شارەكانی (هلسنكی) و (ستۆكهۆڵم) و (ئۆسڵۆ)ش دێن وەك شاری بەربژێر بۆ پێشوازی لووتكەكە، بەتایبەت شارەكانی وڵاتی سوید كە ئەو وڵاتە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە بیونگ یانگ لە رووی دیپلۆماسی دەپارێزێت وەك كەناڵی پێوەندی نێوان هەردوو وڵات، هەر لەسەر ئەم پرسەش وەزیری دەرەوەی كۆریای باكور، ری یونگ هو مانگی رابردوو سەردانی ستۆكهۆڵم و هلسنكی كردووە.
بازنەی ئەو ناوچانەی ئەگەری پێشوازیكردنی كۆبوونەوە لووتكەكەی لێ دەكەن فرەوانن، لەوانە شاری (براگ) كە مامی سەركردە كۆریەكە باڵوێزی وڵاتەكەیەیەتی لە وڵاتی چیك یان شاری (وارسۆ) كە كۆریای باكور نوێنەرایەتییەكی گەورەی لەوێ هەیە.
وڵاتانی ئەوروپا
سەبارەت بە وڵاتانی ئەوروپا، بژارە زۆرن بۆ پێشوازی لە لووتكەی ترەمپ و كیم، بەڵام راپۆرتە ئەمەریكییەكان باشترین بژارەی لۆژیك و نزیك رەت دەكەنەوە كە گوندی راگرتنی ئاگربەستە لەنێوان هەردوو كۆریای باكور و باشوو لە (بانمونجوم) لەسەر سنووری نێوان هەردوو كۆریا، ئەگەرچی ئەو گوندە دەستنیشان كراوە بۆ پێشوازیكردن لە لووتكەی 27ی ئەم مانگە لەنێوان سەركردەی هەردوو وڵاتە كۆرییەكە، كیم و مون جای ئین.
هاوشانی ئەو گوندە، راپۆرتە ئەمەریكییەكان (پەكین)یش رەت دەكەنەوە بۆ بەستنی كۆبوونەوە لووتكەكە بەو پێیەی كۆریای باكور پێوەندییەكی بەتینی لەگەڵ چیندا هەیە.
جین چیاناجی، پڕۆفیسۆر لە زانكۆی یانبیان دەڵێت، ترەمپ نایەوێت كۆبوونەوەی لووتكە لە هیچ یەك لەو وڵاتانە ئەنجام بدرێت كە كاریگەری راستەوخۆ لەسەر پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات هەیە، بۆیە ئەوەی لای ترەمپ مەبەستە گوێگرتنە لەو كۆبوونەوە مێژووییە.
ترس لە بەكارهێنان
ئەو پڕفیسۆرە، ئاماژە بەوەش دەدات كە سەركردەی هیچ كام لەو دوو وڵاتە ناچنە پایتەخت یان وڵاتی یەكتری لە ترسی ئەوەی نەبادە بەكاربهێنرێن. بەو پێیەی ئەگەر ترەمپ بچێتە بیونگ یانگ بەمانای خۆ بەدەستەوەدان لێك بدرێتەوە هاوكات كیم-یش هەمان لێكدانەوەی بۆ دەكرێت ئەگەر بچێتە ئەمەریكا، تەنانەت ترسی ئەوەی هەیە چی بەسەر دێت و چی روو دەدات ئەگەر بچێتە ئەمەریكا؟.
ئەگەر هەر لەبازنەی كیشوەری ئاسیا بمێنینەوە، پێدەچێت (بانكۆك) جێگەیەكی شیاو بێت بەو پێیەی كۆریای باكور باڵوێزخانەیەكی گەورەی لەوێ هەیە، تایلاندیش بەهەمان ئەندازەی سەنگاپوورە پێوەندییەكی باشی دیپلۆماسی لەگەڵ كۆریای باكوردا هەیە.
ئەگەر هاتوو كۆبوونەوەكە لە كۆتایی مانگی ئایار یان سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، ئەوا لە هەردوو باردا دەبێت پەلە بكرێت لە دەستنیشانكردنی شوێنی كۆبوونەوەكە.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەكان دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا هەموو هەوڵێك دەخاتە گەڕ پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەی لووتكە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و كیم جۆنگ ئون، رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری چەند بەرپرسێكی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكی "سی ئای ئەی"، بڵاوی كردووەتەوە كە دەزگاكە بەو پێیەی یاریزانێكی سەرەكی بووە لەو كرانەوە دیپلۆماسییە "بوێرە" بە رووی كۆریای باكور لە رێگەی هەوڵ و پێوەندییە نهێنییەكانی بۆ سازدانی كۆبوونەوەی لووتكە لەنێوان هەردوو سەرۆك.
ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئەمەریكا كەناڵی هەواڵگری بۆ بەستنی پێوەندی لەگەڵ كۆریای باكور بەكار هێناوە نەك كەناڵی دیپلۆماسی، بەدیوەكەی تریش رۆڵی مایك بۆمبیۆ، بەرپرسی پێشووی (سی ئای ئەی) لەم نێوەندەدا دەردەكەوێت كە دواجار ترەمپ كردی بە وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی لە جێگەی ریكس تیلرسن.
"نیویۆرك تایمز" لە راپۆرتەكەیدا كە ناوی هیچ كام لەم بەرپرسانەی ئاشكرا نەكردووە كە قسەی بۆ كردوون، دەڵێ بۆمبیۆ ئەو هێڵەی بەزاندووە لە بەستنی مامەڵەكردن لەنێوان دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكی و نووسینگەی گەڕانی گشتی كۆریای باكور كە بەرپرسە لە ئۆپراسیۆنە هەواڵگرییەكانی دەرەوە.
ئاشكراشی دەكات كە بۆمبیۆ پێوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ (سوو هون) بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی كۆریای باكور هەیە، كە بەرپرسانی ئەمەریكی پێیان وایە ئەمە نێوەندگیر بووە لەنێوان كیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ.
بەگوێرەی "نیویۆرك تایمز"، لادانی تیلرسن لەم كاتەدا پێوەندی بەو هەوڵەی بۆمبیۆ هەبووە وەك نیشاندانی رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردە گەنجەكەی كۆریای باكور لەلایەك و لەلایەكی تریش وەها نیشاندان كە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش لەسەر كۆبوونەوەكە رەزامەندی نیشان داوە.
ئەمە لەكاتێكدایە تیلرسن لە كەسە هەرە لەپێشەكان ئەژمار دەكرێت لە هەوڵدان بۆ رزگاركردنی دوو هاوڵاتییە ئەمەریكییە بەندكراوەكە لە كۆرایی باكور، بەڵام ترەمپ بە تویتێك هەموو هەوڵەكانی تیلرسنی پووچەڵ كردەوە لەو كاتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە گەشتدا بوو بۆ چین بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسانی كۆریای باكور لەسەر ئەو پرسە.
جێی باسە لە 11ی مانگی رابردوو شاندێكی باڵای كۆریای باشوور سەردانی ئەمەریكایان كرد و بە فەرمی داوەتنامەی كیم جۆن ئون، سەركردەی كۆریای باكوریان رادەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا كرد بۆ كۆبوونەوەی لووتكە، دوا بەدوای داوەتنامەكە، سەرۆكی ئەمەریكا داوەتنامەكەی قبووڵ كرد.
ترەمپ ئەوكات لە كۆبوونەوەیەكدا لەبەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی پەنسلڤانیا رای گەیاند، كۆبوونەوەی لووتكە یان بە شكست كۆتایی دێت یانیش دەبێتە مەزنترین رێككەوتن لە مێژوودا. زیاتر گوتی "پێم وابێ كۆریای باكور ئاشتیان دەوێت، ئێستاش كاتیەتی".