ئەڵمانیا 10 هەزار پەناخوازی عێراقی رەوانە دەكاتەوە

:: PM:10:42:22/04/2018 ‌

بەر لە چوار مانگ حكوومەتی عێراق سەركەوتنی بەسەر داعش راگەیاند و ئەمڕۆش ئەڵمانیا هەوڵی گەڕاندنەوەی پەناخوازە عێراقییەكان دەدات كە داوایان رەت كراوەتەوە، بەڵام زۆرینەیان ئەو گەڕاندنەوە رەت دەكەنەوە، بۆیە ئەڵمانیا هاندەر و پرۆگرامێكی بۆ ئەو مەبەستە ئامادە كردووە.

گیرد مۆڵەر، وەزیری پەرەپێدانی ئەڵمانیا ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند كە هەریەك لە ئەڵمانیا و عێراق یاداشتێكی هاریكاریان واژوو كردووە بۆ گەڕاندنەوەی پەناخوازانی عێراق كە داواكەیان رەت كراوەتەوە، ئەوەش لە میانی كۆبوونەوەیەك كە لە بەغدا ساز كراوە.

زیاتر گوتی، مەبەستی بەرلین پاڵپشتیكردنی 10 هەزار پەناخوازی عێراقییە بۆ دابینكردنی هەلی ژیان بۆ ئەوان لە وڵاتی خۆیان، ئەویش لە رێگەی دابینكردنی كار و شوێنی مەشق لە ناو عێراق، هەروەها مۆڵەر لەگەڵ عێراقییەكان رێك كەوتووە بۆ كردنەوەی ناوەندێكی راوێژكاری بۆ گەڕاوەكان.

دووپاتی كردەوە كە بەرلین خوازیارە كە ئەوان بەخواستی خۆیان بگەڕێنەوە، بۆیە هەوڵ دەدرێت كە هەلی كاریان لە ناوخۆی عێراق بۆ دابین بكرێت بە هاوكاری حكوومەتی عێراق و ناوەندە ئابوورییەكانەوە. كاتێك ئەمڕۆ مۆلەر لە كردنەوەی یەكەم سەنتەری گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر ئامادە بوو.

بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی پەرەپێدانی ئەڵمانیا نزیكەی 12 هەزار عێراقی لە كۆی 240 هەزار لە ئەڵمانیا داوای مانەوەیان رەت كراوەتەوە و ناچارن بۆ رۆیشتن لەو وڵاتە، ئەوەیش دوای ئەوەی لە 2015 لەكاتی جەنگی داعش خەڵكێكی زۆر بە لێشاو روویان لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كرد.

سەرچاوە/ دی دەبلیو




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل