رووسنەفت روو لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

:: PM:11:09:22/04/2018 ‌

لە تشرینی یەكەمی پارساڵ و لە گەرمەی تەنگژەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، ئیگۆر سیچن، سەرۆكی كۆمپانیای (رووسنەفت) پەیامێكی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق رەوانە كرد و تیایدا نووسیبووی كە حكوومەتی بەغدا كەمتەرخەمی دەنوێنێت لە هەڵوێست و گرنگیدانی بە داوایەكی كۆمپانیاكە بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت لە باشووری عێراق. وەك "رۆیتەرز" باسی لێوە كرد.  

پارساڵ هەرێمی كوردستان كە نزیكەی شەش ملیۆن هاووڵاتی تیایدا دەژین، هەوڵی سەربەخۆیی لە عێراق دا لە ریفراندۆمی 25ی سێپتێمبەر، ئەڵام سەركەوتوو نەبوو و حكوومەتی عێراق هێزی سەربازی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك رەوانە كرد كە سەرەچاوەی سەرەكیی داهاتی هەرێمەكە بوون. 

سیچن، كە یەكێكە لە نزیكترین هاوپەیمانەكانی ڤلادیمێر پووتینی سەرۆكی رووسیا لەو بارەوە دەڵێت، لە سایەی رەتكردنەوەی بەغدا بۆ كاركردن لەگەڵ (رووسنەفت)، كۆمپانیاكە هاوكاری لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات كە گرنگی زیاتر بە فرەوانكردنی هاریكاری ستراتیژی داوە.

چەند هێزێكی دنیا لەوانەش ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا كە پێشتر هاوسۆزبوون لەگەڵ هەڵمەتی سەربەخۆیی كوردستان بۆ حكوومەتی بەغدایان دووپات كردەوە بە داننانیان بە سەروەری عێراق بەسەر تەواوی زەوی ئەو وڵاتە بە هەرێمی كوردستانیشەوە. بەڵام پەیامەكەی سیچن ئاماژەی بۆ ئەوە نەكرد و وەك (رووسنەفت) بەڵێنی دا بە وەبەرهێنانی چەندان ملیار دۆلار لە كوردستان، ئەوەش حكوومەتی بەغدای توڕە كرد و ئەویش لە بری پاشەكشەكردن لەسەر هەڵوێستی خۆی سووربوو. 

چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار لەو بارەوە بە "رۆیتەرز"یان راگەیاند كە هەڵوێستی سیچن لەوە بەهێزتر بوو كە بەرپرسانی عێراق وایان دەزانی، چونكە بەر لە چەند رۆژێك (رووسنەفت) بووە خاوەنی گرێبەستی راكێشانی لوولەی گواستەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو توركیا لە بەرانبەر 1.8 ملیار دۆلار كە مەبەست لەو دەستەوارە تەنیا بازرگانی نەبوو، بەڵكو پتەوكردنی دەسەڵاتی سیاسییانەی رووسیا بوو لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش بەپێی سەرچاوەكانی (رووسنەفت) و هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و پیشەسازی نەوتەوە. 

سەرچاوەكان روونیان كردەوە، كۆنترۆڵكردنی لوولەكانی گواستنەوەی نەوت رۆڵێكی گەورەی بەخشییە (رووسنەفت) لە گفتوگۆكانی ئێستەی نێوان هەولێر و بەغدا بەمەبەستی دەستكردنەوەی بە هەناردنی نەوت بە تەواوەتی كە بەهۆی رووداوەكانی پارساڵەوە وەستاوە. لەو كاتەی هەرێمی كوردستان خاوەن یەدەگێكی گەورەی نەوتە كە رەنگە سێیەكی یەدەگی نەوتی عێراق بێت. 

وەك ئاماژەیەكیش بۆ دەسەڵاتی (رووسنەفت)، چەند سەرچاوەیەك لە كەرتی وزە لە هەولێر و بەغدا ئاماژە دەكەن كە بەرپرسانی كورد رایان گەیاندووە كە رێگە بە هەناردنی نەوت و گەڕانەوەی داهاتەكەی بۆ بەغدا نادەن ئەگەر حكوومەتی عێراق پارەی رسووماتی تایبەتی لوولەی نەوت نەدات بە كۆمپانیا رووسیاییەكە.  

جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق بە كردەنی دانی بە زیادبوونی رۆڵی كۆمپانیا رووسییەكە لە هەرێمی كوردستان نا ئەو كاتەی لەگەڵ دیدی كاسمیرۆ، دەستەراستی سیچن مانگی رابردوو لە بەغدا كۆبووەوە و گوتی، ئامادەین بە هاریكاریكردن لەگەڵ (رووسنەفت) لە نوێكردنەوەی لوولەكانی گواستنەوەی نەوت، بەڵام سیچن و كرملین و نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و رووسنەفت وەڵامی داواكاری گەڕانیان نەدایەوە.

كرملین و سیچین چەند جارێك رایان گەیاند كە پڕۆژەكانی (رووسنەفت) تەنیا بازرگانین و سیاسی نین، لەو كاتەی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی هیچ لایەنێكی سیاسی گرێبەستەكەی (رووسنەفت)ی نەكرد.

چەند سەرچاوەیەك دەڵێن كە جموجۆڵەكانی (رووسنەفت) لە كوردستان كە پێوەندی كۆنی بە ئەمەریكاوە هەیە، روونی دەكاتەوە كە چۆن كرملین سوو لە (رووسنەفت) و سەرۆكەكەی وەردەگرێت وەك ئامرازێك لە سیاسەتی دەرەوەی رووسیا لە دنیا هەر لە هەولێرەوە تا كاراكاس و نیودلهی.  

سەبارەت بە هەرێمی كوردستان بە زیادبوونی دەسەڵاتی رووسیا گۆڕانكارییەكی جیۆسیاسی گەورەیە بەتایبەتی كاتێك هەرێم لە دوای رووخانی سەدام حوسێنەوە پێوەندییەكی بەهێزی بە ئەمەریكاوە هەیە، ئامۆس هۆشستاین، كە وەك نوێنەری تایبەتی كاروباری وزەی ئیدارەی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا كاری كردووە، دەڵێت، لەو كاتەی (رووسنەفت) و كۆمپانیاكانی تری نەوتی رووسیا سەر بە دەوڵەت هەوڵی بەدەستهێنانی قازانج دەدەن، ئەوان لەكاتی پێویستدا وەك قەوارەی سیاسیش كار دەكەن. 

ئەو بۆ "رۆیتەرز" گوتی، ئەو كۆمپانیایانە راستەوخۆ سەر بە پووتینن، راستە هەموو گرێبەستەكان سیاسی نین، بەڵام هەر كاتێك پووتین بیەوێت گرێبەستێكی سیاسی بكات ئەوان دەیكەن، بۆیە رووسیا خاوەنی ئامرازی زۆر نییە بۆ بڵاوكردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی كە وزە كاریگەرترینیانە.

ئێستە بەغدا كە دان بە گرێبەستی لوولە نەوتییەكەی (رووسنەفت) دانانێت، خۆی لە هەڵوێستێكی سەخت دەبینێتەوە كاتێك رووبەڕووی سەختییەكی دارایی هاتووەتەوە بەهۆی جەنگی داعشەوە و پارەیەكی ئەوتۆی لەبەر دەستدا نییە بۆ راكێشانی لوولەی نوێی نەوت لە كوردستانەوە، لەو كاتەش كە نایەوێت هەناردنی نەوت لەو ناوچەیە بوەستێنێت كە داهاتی باش دێنێت و ئەویش پێویستی پێیەتی.

سەرچاوە شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل