دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە هێشتا رێگەیەكی زۆر ماوە لەبەردەم چارەسەركردنی تەنگژەی كۆریای باكور و ئەو بە وریاییەوە ئەو قسانەی كرد لە دوای رۆژێك لە بەڵێنەكەی كۆریای باكور بە سڕكردنی تاقیكردنەوە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی.
ئەمڕۆ یەكشەم ترەمپ لە لاپەڕەی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، تا ئێستاش رێگە بەرەو كۆتاهێنان بە تەنگژەی كۆریای باكور دوورودرێژە و رەنگە هەوڵەكان لەو بارەوە سەركەوتوو بن و رەنگە سەركەوتوو نەبن، تەنیا كات ئەوە روون دەكاتەوە.
دوێنێ شەموو كۆریای باكور لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمی و مووشەكییەكەیەوە رای گەیاند كە شوێنی تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكانی دادەخات و تاقیكردنەوە مووشەكەییەكانی هەڵدەپەسێرێت، لەبری ئەوە هەوڵ بۆ گەشەسەندنی ئابووری و چەسپاندنی ئاشتی دەدات.
لەو كاتەی زۆرینەی سەرانی دنیا پێشوازیان لەو هەنگاوەی بیۆنگ یانگ كرد، ئەوەش بەر لە یەكەم كۆبوونەوەی لووتكەی نێوان هەردوو كۆریا لەوەتەی زیاتر لە 10 ساڵ كە بڕیارە هەینی داهاتوو بێتە سازكردن.
ترەمپ لەو بارەوە بە زمانێكی وریاییەوە دەڵێت، ئێمە دەستبەرداریمان نەكردووە و ئەوان خۆیان لەسەر داماڵینی چەكی ئەتۆمی رازی بووەنە كە داخستنی شوێنی تاقیكردنەوە و ئەنجام نەدانی كارێكی زۆر گەورەیە بۆ دنیا.
بڕیارە سبەی دووشەم هەردوو كۆریا گەڕێكی تری گفتوگۆ بەسەر ئاستی گرووپەكانی كار لە گوندێكی سنووری نێوانیان ساز بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئامادەسازییەكانی لووتكەی هەینی داهاتووی هەردوو كۆریا.