ناپۆلی ململانێكانی خولی ئیتاڵیای گەرمتر كردەوە

:: AM:08:49:23/04/2018 ‌

شەوی رابردوو یانەی ناپۆلی سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر یانەی یۆڤانتۆس بەدەستهێنا و بەمەش ململانێكانی لەگەڵ یانەكە لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیا گەرمتر كردەوە.

دوێنێ یەكشەم یانەی ناپۆلی خاوەن ریزبەندی دووەمی یانەكانی خولی ئیتاڵیا لەنێو یاریگەی ئەلیانز ستادیۆم لە گەڕی 34 بووە مێوانی یانەی یۆڤانتۆسی پێشەنگ و یارییەكەشی بە گۆڵێكی بێ وەڵام لێ بردەوە.

تاكە گۆڵی یارییەكە لەلایەن بەرگریكاری كۆتدیڤواری كالیدۆ كۆلیبالی لە خولەكی 90 تۆمار كرا.

بەم سەركەوتنە یانەی ناپۆلی جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس بۆ پێشەنگی خولی ئیتاڵیا بۆ تەنیا یەك خاڵ كەم كردەوە، یانەكەی یەكەم ژمارەی خاڵەكانی كرد بە 84 و یانەی یۆڤانتۆسیش وەك خۆی بە 85 خاڵ مایەوە.

یانەی ناپۆلی بووە سێیەم یانە لە مێژووی خولی ئیتاڵیا لە 30 یاریی دەرەوەی یاریگەی خۆی تامی شكست نەچێژێ دوای یانەكانی میلان و ئینتەر.

هەردوو یانەكە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیا 4 یارییان ماوە و ركابەرییەكی سەخت دەكەن لەسەر بردنەوەی ناسناوەكە، یارییە ماوەكانی یانەی یۆڤانتۆس بەرامبەر یانەكانی ئینتەر، پۆلۆنیا، رۆما و ڤیرۆنایە، بەڵام یانەكانی یانەی ناپۆلی بەرامبەر یانەكانی فیۆرنتینا، تۆرینۆ، سامپدۆریا و كرۆتنییە.

جێی باسە لە یارییەكەدا سەرجەم یاریزانانی هەردوو یانەی یۆڤانتۆس و ناپۆلی وەك نیشانەیەك بۆیاغی سووریان لە روومەتیان دابوو بۆ دژایەتیكردنی دیاردەی بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتانی ئیتاڵیا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م