بە باشترین یاریزانی لاوی ئەمساڵ دەستنیشان كرا
لیرۆی سانی ئەستێرەی ئەڵمانی و یانەی مانچستەر سیتی خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی ئینگلیزی (2017-2018) پێدرا.
یەكەتیی یاریزانە پیشەگەرەكانی خولی ئینگلیزی ئاشكرای كرد، سانی /22 ساڵ/ بە باشترین یاریزانی لاوی ئەمساڵی خولی نایابی ئینگلیزی هەڵبژێردراوە و پێش هەریەك لە یاریزانان هاری كین هێرشبەری یانەی تۆتنهام، ئەنتۆنی مارسیال و ماركۆس راشفۆردی هێرشبەرانی یانەی مانچستەر یونایتد، ئیدرسۆن گۆڵپارێزی یانەی مانچستەر سیتی، رەحیم ستێرلینگی هێرشبەری یانەی مان سیتی و رەیان سیسیگنۆن یاریزانی یانەی فولهام كەوت.
سانی لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی ئینگلیزیدا لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی باشترین ئاستی پێشكەش كرد و سەركەوتووبوو لە تۆماركردنی 9 گۆڵ و دروستكردنی 12 گۆڵی تر بۆ هاوڕێكانی.
جێی باسە یانەی مانچستەر سیتی دوێنێ یەكشەم دوای بردنەوەی لە یانەی سوانزی سیتی بە 5 گۆڵی بێ وەڵام لە گەڕی 35ی خولی نایابی ئینگلیزی بەفەرمی ئاهەنگی بردنەوەی ناسناوی ئەمساڵی خولەكەی لەنێو یاریگەی ئیتیحاد گێڕا دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بەفەرمی ببووە پاڵەوانی خولەكە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم