بەریتانیا هەڕەشە لە فەیسبووك دەكات

:: AM:09:19:23/04/2018 ‌
وەزیری تەندروستیی بەریتانیا هەڕەشەی سەپاندنی كۆتوبەندی زیاتری بەسەر فەیسبووك و تۆڕەكانی تری كۆمەڵایەتی كرد، لە ئەگەری زیادنەكردنی ڕێوشوێن بۆ ڕێگری لە بەشداربوونی منداڵان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی.

جێرمی هانت وەزیری تەندروستی بەریتانیا گوتی، تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بوونەتە مەترسی بۆ سەر سەلامەتی منداڵ، ئەو تۆمەتەیش لە كاتێكدایە فەیسبووك ماوەیەكە ڕووبەڕووی شەپۆلێكی ڕەخنەی زۆر بووەتەوە.

زیاتر گوتی، یەكەی گووگڵ و فەیسبووك لە بەریتانیا پێویستە پابەند بن بە پاراستنی سەلامەتی منداڵ و كار بكەن بۆ گرتنەبەری بژارەی پێویستە تا ڕێگری لە گەیشتنی منداڵان بەو تۆڕانە بكات و زۆر بە دیار شاشەكانەوە نەمێننەوە و بەوهۆیەوە تەندروستییان بە گشتی و چاویان ڕووبەڕووی كێشە دەبێتەوە.

ئەو وەزیرەی حكوومەتی بەریتانیا جۆر و چۆنیەتیی ئەو ڕێوشوێنانەی نەخستەڕوو كە پێویستە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بۆ ڕێگری لە گەیشتنی منداڵ بۆ بەكارهێنانی بیگرنەبەر، تەنیا گوتی، گەیشتنی منداڵان بە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر بەدیار شاشەكانەوە زیانی گەورەیان دەبێ و پێویستە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و كۆمپانیا تەكنەلۆجییەكان ئەمە ڕەچاو بكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د