ئینێستا چارەنووسی خۆی لە بەرشەلۆنە یەكلایی دەكاتەوە
ئەندرێس ئینێستای كاپتن و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە رەتی كردەوە فرمێسكەكانی لە یارییەكەی پێرێ شەموو بەرامبەر یانەی سڤیلییە و بەدەستهێنانی جامی شای ئیسپانیا مانای ئەوە بگەیەنێ بۆ وەرزی داهاتوو ماڵئاوایی لە یانەی بەرشەلۆنە بكات.
یانەی بەرشەلۆنە پێرێ شەموو لەنێو یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆی تایبەت بە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بە 5 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی سڤیلییەی بردەوە و جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا.
لە گێمی دووەمی یارییەكەدا ئینێستا بە فرمێسك و بە چەپڵە لێدانی هاندەران یاریگەی بۆ دینیس سوارێزی هاوڕێی جێهێشت و بەشێك لە سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانیش ئاماژەیان بەوەدا كە ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێ لە كۆتایی ئەم وەرزەدا ئینێستا یانەی بەرشەلۆنە جێدێڵێ و روو لە خولی تۆپی پێی چین دەكات.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی لە زاری ئینێستاوە بڵاوی كردەوە: شەوی سەركەوتنەكەی سڤیلییە شەوێكی تایبەت و پڕ لە هەست و سۆز بوو، بەڵام تا ئێستا بڕیاری جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنەم نەداوە.
زیاتر گوتی: بڕیارمداوە هەفتەی داهاتوو دوایین بڕیار لەبارەی مانەوە و جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرا بكەم.
ئینێستا دانی بەوەشدانا كە رەنگە یارییەكەی پێرێ شەموو دوایین یاریی ئەو بێت لە پاڵەوانیەتیی جامی شای ئیسپانیا، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەداوە و ئەم بڕیارەش تەنیا تایبەتە بەخۆیەوە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم