میسی 9 وەرزە لەسەریەک 40 گۆڵ تۆمار دەكات
لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە تۆماركردنی ژمارە پێوانەییەكان بەردەوامە و 9 وەرزە لەسەریەك 40 یان زیاتر گۆڵ تۆمار دەكات.
یانەی بەرشەلۆنە پێرێ شەموو لەنێو یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆی تایبەت بە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بە 5 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی سڤیلییەی بردەوە و جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا.
لەو یارییەدا میسی ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و گۆڵی دووەمی یارییەكەی لە خولەكی 31 تۆمار كرد، جگە لەوەش رۆلی سەرەكی گێڕابوو لە سەركەوتنە مێژووییەكە و تۆماركردنی گۆڵەكان.
بە تۆماركردنی ئەم گۆڵە، میسی ژمارەی گۆڵەكانی لە وەرزی ئەمساڵی یانەی بەرشەلۆنە لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكان كرد بە 40 گۆڵ كە 29 گۆڵیان لە خولی ئیسپانیا بووە و ئێستاش پێشەنگی گۆڵكارانی خولەكەیە.
میسی لە دوای وەرزی 2009-2010 لە 9 وەرزی یەك لە دوای یەكدا توانیویەتی ژمارەی گۆڵەكانی 40 تێپەڕێنێ.
باشترین وەرزی میسیش لە رووی تۆماركردنی گۆڵەوە لە وەرزی 2011-2012 بوو كە تێیدا توانیبووی 73 گۆڵ تۆمار بكات، هەروەها لە وەرزەكانی 2013-2014 و 2015-2016ش میسی كەمترین گۆڵی تۆمار كردبوو كە 41 گۆڵ بوون.
وشە -
ئامانج ئهكرهم