نیمار كەی دەگەڕێتەوە پاریس سان جێرمان؟

:: AM:10:10:23/04/2018 ‌

پێشبینی دەكرێ لە مانگی داهاتوودا نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی كۆتایی بە چارەسەرە تەندروستییەكانی نەشتەرگەرییەكەی قاچی بهێنێ و بگەڕێتەوە پایەتەختی فڕەنسا و بارەگای یانەی پاریس سان جێرمان.

رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی ئاشكرای كرد: چاوەڕوان دەكرێ لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو نیمار بگەڕێتەوە یانەی پاریس سان جێرمان و بەشداریی لە ئاهەنگی بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی فڕەنسا بكات كە لەماوەی شەش ساڵی رابردوو یانەكە پێنج ناسناوی خولەكەی بردووەتەوە.

لەلایەكی ترەوە رادیۆی (ئار ئێم سی) ئاماژەی بەوەدا كە چاوەڕوان دەكرێ لە سەرەتای مانگی داهاتوو نیمار بگەڕێتەوە فڕەنسا و دەست مەشقەكانی گەڕانەوەی توانای جەستیی بكاتەوە بەهاوكاری دوو دكتۆری تایبەتمەندی چارەسەری فیزیایی.

ئەم هەواڵانە لە كاتێكدا بڵاو دەبێتەوە كە چەند رۆژێك پێش ئێستا نیمار كورتە ڤیدیۆیەكی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام) بڵاو كردەوە و تێیدا دەردەكەوێ بۆ یەكەمجار دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەبێ گۆچان رێ دەكات.

نیمار هەفتەی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، رۆژی 17ی مانگی داهاتوو دوایین پشكنین ئەنجام دەدات و ئەو كات بەفەرمی وادەی گەڕانەوەی بۆ ناو یاریگەكان دیاری دەكات.

ئەوەی ئێستا بۆ نیمار و هاندەرانی هەڵبژاردەی بەڕازیل گرینگە ئەوەیە كە ئەو ئەستێرەیە بۆ یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا ئامادە دەبێت یان نا كە بڕیارە لە رۆژانی 14ی حوزەیران تا 15ی تەمووز بێتە ئەنجامدان.

جێی باسە رۆدریگۆ ئەسمێر ئەو دكتۆرەی كە نەشتەرگەری بۆ نیمار ئەنجامدابوو لە رۆژی 3ی مانگی رابردوودا، هەر لە سەرەتادا رایگەیاندبوو كە ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە بۆ یاریزانان پێویستی بە 2 تا 3 مانگ هەیە تا بەتەواوی چاك دەبێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م