عێراق و سووریا و توركیا دابەش دەبن كەچی ئێران دەترسێت

:: AM:11:22:23/04/2018 ‌

پرسی دابەشكردنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندان ساڵە سیاسەتمەداران و لێكۆڵەرەوان و چاودێرانی سیاسی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە و ئەو پرسەش ناوەناوە باس و خواستی گەرم دەبێت. ئەوەی زیاتر لە هەر وڵاتێكی تر ترسی دابەشبوونی هەیە ئێرانە كە لە كۆمەڵێك نەتەوە پێكدێت  و بەدەست كۆمەڵێك كێشەی گەورە دەناڵێنێت و هەموو هەوڵەكانیشی ئەوەیە كێشە و شەڕ لە ماڵی خۆی دوور بخاتەوە و وڵاتانی رۆژئاوا بە كێشە ناوخۆیییەكانی وڵاتانی دەوروبەر سەرقاڵ بكات.

ئێران لە عێراق، سووریا، یەمەن، لبنان، فەلەستین رۆڵێكی باڵای هەیە لە دروستكردنی ناكۆكی و شەڕ و ئاژاوە و ئەگەر ئەمەریكا بیەوێت لە ئێران نزیك بكەوێتەوە، یەكەم جار دەبێت رێی خۆی خۆش بكات و ئاگری دەوروبەر بكوژێنێتەوە،  ئێران لە دامركانی كڵپەی ئاگرەكە دەترسێت كە حەوت ساڵە بەرۆكی ناوچەكەی گرتووە.

میدیاكانی ئێران یەكێك لەو خاڵانەی گرنگی پێ دەدەن ئەوەیە دۆخی ناوچەكە لە ئاستی ئاسایی خۆی زۆر مەترسیدارتر پێشانی وڵاتە دراوسێكانیان بدەن و راڤە و شڕۆڤەی جیاواز بۆ داهاتوویان دەكەن و لە مەترسییەكانیان ئاگاداریان دەكەنەوە، وەك ئەوەی خۆی هیچ مەترسییەكی لەسەر نەبێت.

ماڵپەڕی "فارسنیوز"ی ئێران كە سەر بە باڵی توندڕەوی رژێمی ئێرانە، وتاری نووسەرێكی بەناوبانگی عەرەبی بڵاو كردووەتەوە كە لە رۆژنامەكەی باسی ئەگەری دابەشبوونی وڵاتانی ناوچەكە دەكات. ئێران دەیەوێت وڵاتانی ناوچەكە بە توركیاوە بهێنێتە ژێر باڵی خۆی و هاوپەیمانییەتیان لەگەڵدا پێك بهێنێت بۆ ئەوەی رووبەڕووی دوژمنێكی دێرینی خۆی ببێتەوە.

عەبدولباری عەتوان سەرنووسەری رۆژنامەی عەرەبی "رای الیوم" ئاماژە بەوە دەكات كە پڕۆژەی دابەشكردنی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا كە پڕۆژەیەكی ئەمەریكییە، كەوتووەتە ناو قۆناغێكی نوێوە و لە دوای سووریا توركیا دابەش دەبێت. ئەو ئاماژەی بە لێدوانەكانی ئەردۆغان كردووە كە گوتبووی كورد لە سووریا بەو چەكانەی دەستیان كەوتووە ئاسایشی نەتەوەیی دەخەنە ژێر مەترسی. وتارنووسەكە دەڵێت ئەم جۆرە هەڕەشانەی ئەردۆغان شتێكی نوێ نەبوون، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە شێوازی ئەردۆغانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی پێی وایە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا.

ئەردۆغان رۆژی شەموو لە وتارێكیدا نەخشەیەكی ئەمەریكا بۆ دابەشكردنی سووریا و عێراقی ئاشكرا كرد و عەتوانیش دەڵێت ئامانجی ئەمەریكا ئەوەیە نەخشەی ئەو وڵاتانە لە سەر بنەمای نەتەوەی جیاواز بگۆڕێت و نەخشەكەش حەوت ساڵە كاری بۆ دەكرێت. توركیا و هەندێك وڵاتی تری عەرەبی لە ئەنجامی هەڵە تێگەیشتن و گوشارەكانی ئەمەریكا بەشدارییان لەو نەخشەیە كردووە و ئەوەی ئێستە لە عێراق و سووریا روو دەدات جێبەجێكردنی نەخشەكەیە.

هەر بە بۆچوونی سەنووسەری رۆژنامەكە، ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر ئەو باوەڕەدان كە وڵاتان لەسەر بنەمای نەتەوە دابەش بكەن و كۆمەڵێك وڵات دروست بكەن كە ئەمانە كێشەیان لەگەڵ یەكتردا هەبێت و هیچ كامێكیان وڵاتی بەهێز نەبن. سێ وڵاتی عێراق و سووریا و توركیا لەو لیستەدان كە دەبێت دابەش بكرێن.

ئەو باسی عێراق دەكات و دەڵێت هێرشەكانی رۆژئاوا هۆكار بووە لەوەی عێراق ببێتە سێ بەشی كورد و سوننە و شیعە و ئێستەش هەمان سیناریۆ لە سووریا دووبارە دەكرێتەوە، كە بریتییە لە دەوڵەتێكی كوردی لە باكور، وڵاتی شەمەریە لە رۆژهەڵاتی فورات و حورانیە لە باشووری رۆژئاوای سووریا. دواتر نۆرەی توركیا دێت و ئەو وڵاتەش بە تەنیایی ناتوانێت بەرانبەر بەو سیاسەتەی ئەمەریكا بوەستێت و توركیا تەنیا لە رێی هاوپەیمانی و پلانی ستراتیجیی لەگەڵ عێراق و سووریا دەتوانێت پێش بەم گۆڕانكارییە بگرێت.

هاوكات رەخنە لە توركیا دەگرێت كە رۆژێك لە گۆڕەپانی ئەمەریكا و رۆژێكی تر لە گۆڕەپانی رووسیا یاری دەكات. بە بۆچوونی عەتوان تەنانەت پێشخستنی هەڵبژاردنەكان لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانیش دەرخەری ئەو راستییەیە كە ئەردۆغان لە داهاتووی خۆی دەترسێت.

فارسنیوز لە شڕۆڤەی وەرگێڕانی وتارەكە هەموو ئامانجی ئەوەیە سەرنجی توركیا بۆ ئەو مەترسییە رابكێشێت و توركیا لە هەر جۆرە هاوپەیمانیەتییەك لەگەڵ ئەمەریكا دوور بخاتەوە و تەنانەت ئاماژەی بە پشتیوانییەكانی ئەردۆغان لە هێرشی مووشەكی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ سەر سووریا كردووە و پێی سەیرە لەو دۆخە تەمومژاوییە توركیا دەستخۆشی لە ئەمەریكا كردووە.

ئەوەی راستییەكی حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە توركیا ئەگەر لەگەڵ رووسیا بكەوێتە هاوپەیمانی، ئەوا بە قازانجی ئێرانە و مەیدانی رمبازێنی ئێران لە ناوچەكە خۆشتر دەبێت، بەڵام ئەگەر توركیا زیاتر روو لە رۆژئاوا بكات، ئەوا ئێران ناتوانێت پەرە بە فراوانخوازییەكانی خۆی لە ناوچەكەدا بدات. 

راستە هەژموونی ئێران لە عێراق و سووریا زاڵە، بەڵام سەركەوتنی یەكجارەكی ئێران لە ناوچەكە بەوە بەندە لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان رۆڵی كاراتر بگێڕێت و بۆ دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لە ئێران، توركیا پەلكێشی تەنگژەیەكی نوێ بكات.





وشە - سلێمان تاشان