تیرۆریستى هێرشه‌كه‌ى پاریس به‌ 20 ساڵ زیندانى سزا درا

:: PM:12:40:23/04/2018 ‌

دادگاى به‌لجیكا ئه‌مڕۆ سزاى 20 ساڵ زیندانى بۆ سه‌ڵاح عه‌بدولسه‌لام ده‌ركرد، كه‌ جیا له‌ كرده‌ تیرۆریستییه‌كه‌ى پاریس، چه‌ندان كرده‌ى تیرۆریستى ترى ئه‌نجام داوه‌.

به‌ پێى هه‌واڵێك كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ سایتى سكاى نیوز بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، دادگاى به‌لجیكا سزاى 20 ساڵ زیندانى بۆ تیرۆریست سه‌ڵاح عه‌بدولسه‌لام ده‌ركرد.

ئه‌م تیرۆریسته‌ كۆمه‌ڵێك كرده‌ى تیرۆرى له‌ ئه‌وروپا ئه‌نجام داوه‌ به‌تایبه‌تى له‌ به‌لجیكا و فڕه‌نسا، ئه‌و تاكه‌ كه‌سى تۆمه‌تباره‌ له‌ كرده‌ تیرۆرییه‌كانى پاریس كه‌ له‌ نۆڤێمبه‌رى 2015 رووی دا، ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵك كرا و كرده‌ى خۆكوژى ئه‌نجام درا، جیا له‌مانه‌ش چه‌ندان كه‌س له‌ لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ به‌ بارمته‌ گیران، له‌ ئه‌نجامدا 130 كه‌س بوونه‌ قوربانى.

دواى ئه‌م كرده‌ تیرۆره‌، له‌ 15ى مارسى 2016 ته‌قه‌ له‌ هێزه‌كانى پۆلیس كرا، ئه‌و كاته‌ خه‌ریك بوو پۆلیس سه‌ڵاح عه‌بدولسه‌لام بگرێت، كه‌چى ئه‌وان ته‌قه‌یان له‌ پۆلیس كرد. دواى سێ رۆژ له‌م رووداوه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ گیرا.

سه‌ڵاح عه‌بدولسه‌لام له‌ به‌لجیكا له‌ دایك و باوكێكى مه‌غریبى له‌ دایك بووه‌، پێوه‌ندى به‌ رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه‌ هه‌بووه‌.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل