سەدر و حەکیم دەبنە ڕکابەری عەبادی

:: PM:01:18:23/04/2018 ‌

كێبەركێ لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران وەك باڵاترین پۆست لە عێراق، فراوانتر دەبێت و عەماڕ حەكیم و موقتەدا سەدریش وەك دوو سەركردەی تری شیعە چاویان لە بردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراقە و دەیانەوێ ئەو پۆستە لەژێر پێی حزبی دەعوە دەربهێنن كە لە 2005ەوە بەدەستیانە، هاوكات جگە لە عەبادی كە دەیەوێت بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەوا هادی عامری سەركردە میلیشیا شیعەكانیش چاوی تێبڕیوە.

جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی تر، حزب و رەوتە شیعییەكان بەچەندان لیست بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن و نەیانتوانی چیتر لەژێر ناوی هاوپەیمانی نیشتمانی خۆیان كۆ بكەنەوە كە لە سێ هەڵبژاردنی رابردوو نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعەكانیان دەكرد. بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتیی عەماڕ حەكیم چاوی بڕیوەتە پۆستی سەرۆك وەزیران، هاوكات موقتەدا سەدر كە هێزی یەكەمی هاوپەیمانی سائرونە، ئەویش چاوی لە پۆستەكە بڕیوە ئەگەرچی پێشتر پشتگیری خۆی بۆ عەبادی راگەیاند، بەڵام بەهۆی بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری، سەدر لە پشتگیریكردنی عەبادی كشایەوە.

لەسەر ئەو پرسە، وەزیرێكی حكوومەتەكەی عەبادی دەڵێ، سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لە حزبی دەعوە نابێت، چونكە شەقام لەو حزبە تووڕەیە بەهۆی شكستە ئابڕووبەرەكەی لە ئیدارەدانی دۆسیەكانی تەناهی و ئابووری و پێوەندییەكانی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، جگە لەمە كەسایەتییە سوننەكانیش نایانەوێت سەرۆك وەزیرانی داهاتوو كەسایەتییەكی حزبی دەعوە بێت. ئەمەشە وایكردووە موقتەدا سەدر و عەماڕ حەكیم ئامادەكاری بكەن بۆ دەستنیشانكردنی كەسایەتییەك بۆ شوێنگرتنەوەی حەیدەر عەبادی ئەگەر عەبادی ئامادە نەبوو دەست لەكاركێشانەوەی لە حزبی دەعوە پێشكەش بكات.

حەیدەر عەبادی لەم خولەدا تەنیا پێنج هەزار دەنگی هێنا، بەڵام بەهۆی رەتكردنەوەی نووری مالیكی لەلایەن كورد و سوننە، بۆ جاری سێیەم نەكرایەوە بە سەرۆك وەزیران. بەو پێیەی پۆستی سەرۆك وەزیرانیش پشكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بوو دواتر بەرێككەوتن لەگەڵ كورد و سوننە عەبادی دەستنیشان كرا بكرێتە سەرۆك وەزیر.

ئەگەرچی عەبادی بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەلایەك، بەرەنگاربوونەوەی داعش لەلایەن پێشمەرگە و دواتریش پێكهێنانی میلیشیاكانی شیعە لەسەر بنەمای فەتواكەی سیستانی توانی بەسەر داعش سەربكەوێت، بەڵام تا ئێستە شكستی هێناوە لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان و دەستبردن بۆ دۆسیەی كەوتنی مووسڵ و گەندەڵكاران، ئەمانەش موقتەدا سەدر و حەكمیان تووڕە كردووە، چونكە عەبادی جگە لە گوتار و لێدوان بە كردەیی هیچ هەنگاوێكی هەڵنەگرتووە.

موقتەدا سەدر لە لیستەكەیدا چەندان كەسایەتیی كاندید كردووە كە دەتوانێت دواتر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاندیدیان بكات، هاوكات ئامادەش نەبوو هاوپەیمانیەتی لەگەڵ عەبادی ببەستێت، عەماڕ حەكیمیش هەمان هەنگاوی سەدری هەڵگرتووە لە كاندیدكردنی چەند كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو.

بۆ ئەم خولە هەموو ئاماژەكان تا ئێستە بەو ئاراستەیەن كە مالیكی سەركەوتوو نابێت لە پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەی سیاسی كە بانگەشەی بۆ دەكات، بۆیە چاودێران پێیان وایە مالیكی لە دەرەوەی بازنەی كاندیدەكان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.
 
لەسەر ئەو پرسە نۆفەل رەغیف گوتەبێژی رەوتی حیكمە دەڵێ، رەوتی حیكمە وەك حزبێكی بەشدار لە هەڵبژاردن پێی وایە هیچ كام لەم دەموچاوانەی لە رابردوودا بەشدارییان كردووە لە ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراق، بەشیاو نازانێت بكرێتەوە سەرۆك وەزیران بە حەیدەر عەبادیشەوە.

نۆفەل كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ عەبادی لەم خولە كاندید نەبوو بكرێتە سەرۆك وەزیران، بەڵام دۆخێك هاتە پێشەوە و كردی بە سەرۆك وەزیران، بەڵام بۆ ئەمجارە ئاسان نییە بكرێتەوە سەرۆك وەزیران بەتایبەتی دوای شكستی لە ئیدارەدانی هەندێك دۆسیە لەسەرووی هەموویەوە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی. گوتی "وەك رەوتی حیكمە بایی ئەوە دەنگ دەهێنین بتوانین كەسایەتییەك پێشكەش بكەین تا بكرێتە سەرۆك وەزیران، بەڵام ئەوە دەكەوێتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردن".

لای خۆیەوە سەلام سەمیسم كاندید لە حزبی ئیستقامە كە موقتەدا سەدر پشتگیری لێ دەكات، دەڵێ قۆناغی داهاتوو دەنگی جەماوەر دەستنیشانی دەكات كە داوای گۆڕانكاری دەكەن. روونی كردەوە كە حزبەكەیان كەسایەتی وەهای كاندید كردووە كە تایبەتمەندی ئەوەی تێدا بێت لە داهاتوودا بكرێتە سەرۆك وەزیران كە تۆمەتبار نییە بە گەندەڵی و كەسایەتییەكی نیشتمانی و دژە تایفەگەرایە و كەسێكی تەكنۆكراتیشە.

سەمیسم ئامادە نەبوو ناوی كاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئاشكرا بكات، هێندەی گوت كە "ئەو پرسە پێوەندە بە ئەنجامی هەڵبژاردن و هاوپەیمانیەتییەكانی دوای هەڵبژاردن".

هاوكات ئەحمەد شەریفی چاودێری سیاسی گوتی، پێ دەچێ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو هەموو حزبە سیاسییەكان شۆك بكات، بەو پێیەی ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن تەواوی كابینەی حكوومەتی داهاتوو كەسانی تەكنۆكرات بن، پێوەری پشكپشكێنە و تایفەگەرایی ئەگەری زۆرە رۆڵی نەبێت لە دەستنیشانكردنی وەزیر و سەرۆك وەزیراندا، چونكە بەشی زۆری ئەوانەی دەچنە پەرلەمان كەسایەتی نوێن و ئەگەری زۆریشە نەچنە ژێرباری گوشاری حزبەكانیان.

 روونی كردەوە كە شێوەی حكوومەتی داهاتوو، سەرۆك و وەزیرەكانی پێ دەچێ بە تەواوەتی بكەوێتە ژێر كاریگەری وڵاتانی ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا، چونكە ئەنجامی هەڵبژاردن پێ ناچێ چانس بداتە هیچ هێزێك بتوانێ بە تەنیا زۆرینەی سیاسی پێكبهێنێت تا حكوومەت بە تەنیا پێكبهێنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەری زۆرە ئەنجامەكان لەیەك نزیك بن، بەمەش هیچ لایەنێكیان ناتوانێ ئیرادەی خۆی بەسەر ئیرادەی ئەوانی تر بسەپێنێت.

زیاتر گوتی "ئەو محیوەرە سێ قۆڵییە كە كاریگەرییان لەسەر عێراق هەیە، لە حەیدەر عەبادی رازی نین چونكە دەستی نەبردووە بۆ هیچ دۆسیەیەكی گەندەڵی و كەسیشی لەسەر گەندەڵی سزا نەداوە، چونكە عەبادی باش دەزانێت ئەوانەی لە گەندەڵی تێوەگلاون بەشی زۆری سەركردەی حزبەكەی خۆیەتی لە سەرووی هەموویانەوە نووری مالیكی".

جێی باسە لە 12ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت كە 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە و 206 حزب و قەوارە بە حەوت هەزار كاندید بەشدارییان تێدا كردووە بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسیی پەرلەمانی.




وشە - فه‌رمان سادق