ئەمەریكا بۆ خەڵكی كوردستان: پاڵپشتی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز دەكەین

:: PM:02:32:23/04/2018 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 23ی نیسان/ ئەپریل، لە رێوڕەسمێكدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دۆگلاس سیلیمان باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەی بوون، بڕیار درا ئەمەریكا كونسوڵخانەكەی لە كوردستان فراوانتر بكات، ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی كە حكوومەتی هەرێم پارچە زەویی بۆ باڵەخانەی نوێی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر دیاری دەكات.

لە ڕێوڕەسمەكەدا دۆگلاس سیلیمان باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق ڕای گەیاند، ئەمەریكا پابەندە بە پاڵپشتیكردنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كردنەوەی كونسوڵخانە و دروستكردنی كۆمەڵگایەك بۆ كونسوڵخانە لە هەولێر نیشانەی ئەو پاڵپشتییەیە. دووپاتی كردەوە كە واشنتن پاڵپشتی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز دەكات.

باڵوێزەكەی ئەمەریكا گوتی، ئەمەریكا دەیەوێت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پیاوان و ژنانی خاوەنكاری كورد بۆ پڕۆژەی باشتر كار بكات.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لەو دەستپێشخەرییەی ئەمەریكا كرد و گوتی، ئەوە نیشانەی باوەڕ و پشتیوانی واشنتنە لە هەرێمی كوردستان و پێشخستنی پێوەندییەكانیەتی لەگەڵ هەرێم.

"پێوەندییەكانی ئەمەریكا و هەرێم نوێ‌ نییە و لە راپەڕینی ساڵی 1991 ئەمەریكا لە ریزی پێشەوەی بڕیاری دروستكردنی ناوچەی ئارام بووە و لە قۆناغی رووخاندنی رژێمی بەعس و شەڕی داعشیش ئەمەریكا پێوەندی باشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبووە، ئەمڕۆش لە قۆناغی سەقامگیریدا باڵەخانەی كۆمەڵگای كونسوڵخانەكەیان لە هەولێر دروست دەكەن و ئەوەش نیشانەی بایەخ و بەرەوپێشچوونی ئەو پێوەندییانەیە". نێچیرڤان بارزانی وای گوت.

سەرۆكی حكوومەت گوتی، چاومان لە هاوئاهەنگی و پێوەندیی باشترە لەگەڵ ئەمەریكادا و داواكارین وڵاتانی دنیاش هاوشێوەی ئەمەریكا بایەخ بە پێشخستنی ئاستی نوێنەرایەتییەكانیان بدەن.

فراوانكردنی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەرێم، لەكاتێكدایە كە ماوەی چەندان ساڵە ئەو وڵاتە نوێنەرایەتی لە كوردستان هەیە و بەردەوام لەكاتی كێشەكاندا ڕۆڵیان بەرەو چارەسەری كێشەكان هەبووە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم