شاندێكی خوێندنی باڵای فینلەندا لە كوردستانن

:: PM:02:33:23/04/2018 ‌
شاندێكی پەروەردە و خوێندنی باڵای فینلەندا بەسەرۆكایەتی (كارل هۆلم) ڕاویژكاری هەڵسەنگاندن لە ناوەندی هەڵسەنگاندنی پەروەردە و خوێندن لە فینلەندا سەردانی زانكۆكانی دهۆك و پۆلیتەكنیكی دهۆكیان كرد، و دیداری زانستییان لەگەڵ هەریەك لە زانكۆی دهۆك و زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك ئەنجام دا.

ئەمڕۆ دووشەم 23ـی نیسان/ ئەپریل، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاتووە، (كارل هۆلم) ڕاویژكاری هەڵسەنگاندن لە ناوەندی هەڵسەنگاندنی پەروەردە و خوێندن لە فینلەندا سەردانی زانكۆكانی دهۆك و پۆلیتەكنیكی دهۆكیان كرد و لەگەڵ ئەنجوومەنەكانی زانكۆی دهۆك و زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك كۆ بوونەوە.

لەو دیدارە زانستییە جیایانەدا كە تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆی دهۆك بەسەرۆكایەتی (د. موسڵح دهۆكی) سەرۆكی زانكۆی دهۆك و ئەنجوومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك بەسەرۆكایەتی (د. عەدنان موحسین) ئامادەی بوون، لە دوو سیمیناری جیادا لەبارەی مێژووی دامەزراندنی زانكۆكانیان و كار و پڕۆژە و بەرنامەی زانستییان بۆ ئێستە و داهاتوو، كار و چالاكی و بەرەوپێشچوونە زانستییەكانیان پێشكەشی ئامادەبووان كرد.

ئەنجوومەنی هەردوو زانكۆكەی دهۆك ڕایان گەیاند، كە هەردوو زانكۆ پێوەندییان لەگەڵ بەشێك لە زانكۆ جیهانییە بەناوبانگەكان بەستووە و سوود لە ئەزموونیان وەردەگرن، تائێستەش چەندان قوتابی بەمەبەستی توێژینەوە و بەدەیهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا و بەشداریكردن لە كۆڕ و كۆنفرانسە جیهانییەكان سەردانی ئەو زانكۆیانەیان كردووە. بۆ ئەوەش داوایان لە شاندی میوان كرد لەو چوارچێوەیە بەستنی پێوەندیی زانستی بەهێز بەردەوام شاندی زانستی هەردوولا سەردانەكانیان بەردەوام بن بۆ ئەوەی ئەو پێوەندییە زانستییە كە بنیاد نراوە، بەهاتنی ئێوە بەرەوپێش دەچێت و بەردەوام لە هەڵكشاندا بێت.

كارل هۆلم ڕاویژكاری هەڵسەنگاندن لە ناوەندی هەڵسەنگاندنی پەروەردە و خوێندن لە فینلەندا لە سیمینارێكدا كورتەیەكی لە بواری خوێندنی باڵا و پەروەردەی فینلەندا باس كرد.

هەر لەو كۆبوونەوانەدا، لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی هەردوو زانكۆی دهۆك و زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك چەندان پرسیار و سەرنج لەبارەی چۆنیەتیی بوارەكانی هاوئاهەنگی و هاریكاری ئەو وڵاتە ئاراستەی شاندی میوان كرا، ئەوانیش وەڵامی پرسیارەكانیان دایەوە.

خوێندنی باڵا لە وڵاتی فینلەندا لە بەشی زانكۆكان لە كۆی 14 زانكۆ دوو زانكۆی لە ئاستی پێشەوەی زانكۆكانی دنیایە و ساڵانە خاوەنی سەتان توێژینەوە و بە دەیان داهێنانی نوێن لە بواری ئەندازیاری.




وشە - رامیار جەواد