ڕێژەی پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ یەكلا دەكرێتەوە

:: PM:03:06:23/04/2018 ‌
سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، هێشتا وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی تەواو نەكردووە و چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ ئێوارە ڕابگەیەنرێت.

كۆتای مانگی ڕابردوو سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیستەمی نوێی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند كە ڕێژەكەی كەم كرایەوە و لە 10% تا 30% دەست پێ دەكات، بەڵام ئەو ڕێژەیە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە بڕیاری لەسەر نەدرا و ڕاگەیەنرا كە دەبێت وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ خۆیان لیستێكی پاشەكەوت ئامادە بكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 23ی نیسان/ ئەپریل، ئەیووب عەبدوڵا سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ بڕیار لەسەر پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ بدات و خشتەی سیستەمی نوێی پاشەكەوت ڕابگەیەنێت.

زیاتر گوتی، وەزارەتی ناوخۆ هێشتا لیستەكەی ئامادە نەكردووە، بەڵام ئەمڕۆ ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەكات بەهۆی ئەوەی بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی سبەی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ دابەش دەكرێت.

پەرلەمانتارەكە ڕوونی كردەوە كە بەو دوو ملیار دینارەی خراوەتە سەر مووچەی یەكەی پاسەوانی، ڕێژەی پاشەكەوتی مووچەكانیان كەم دەكرێتەوە، بەڵام ناگات بە ئاستی كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران. ڕەتی كردەوە كە پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ كەم نەكرێتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ماوەی دوو ڕۆژە یەكەی پاسەوانی تایبەت خۆپێشاندان دەكەن و داوا دەكەن رێژەی پاشەكەوتی مووچەكانیان كەم بكرێتەوە.

لێرە خشتەی دابەشكردنی مووچەی ئەم هەفتەیە بخوێننەوە.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم