كولـلە كشتوكاڵی باڵەكایەتی وێران دەكات

:: PM:03:15:23/04/2018 ‌
لە دەڤەری باڵەكایەتی شەپۆلێكی كولـلە هێرشی كردووەتە سەر بەروبوومە كشتوكاڵییەكان و زیانی گەورەی پێ گەیاندوون، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ناوچەكەیش دووپات لەوە دەكاتەوە كە هەڵمەتی قڕكردنیان دەست پێ كردووە و بەردەوامن لە لەناوبردنی ئەو شەپۆلە كولـلەیەی ڕوویان لە ناوچەكە كردووە.

قادر ڕەسووڵ هاووڵاتییەكی دەڤەری باڵەكایەتییە و بۆ "وشە" گوتی، هەموو ساڵێك تەماتە و خەیار و بەروبوومی كشتوكاڵی لە حاجی ئۆمەران دادەچێنین، بەڵام چەند ساڵێكە بەر لە وەرزی چاندن جۆرە كولـلەیەك لە شەتڵی تەماتە و بەروبوومە كشتوكاڵییەكانمان دەدا و زیانی زۆرمان پێ دەگەیەنێت، بۆیە داوا لە حكوومەت و لایەنە پێوەندارەكان دەكەین دەرمانی زۆر و باشمان بۆ بنێرن، تا قەڵاچۆی ئەو گرفتەی پێ بكەین.

سلێمان عەبدوڵا بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارۆكەی چۆمان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێكە ئەو شەپۆلی كولـلەیە ڕووی لە دەڤەرەكەمان كردووە، لەسەر گەڵای دار و گەنم و جۆ و تەماتە و بەروبوومە كشتوكاڵییەكانی تری سنووری گەڵاڵە و حاجی ئۆمەران و قەسرێ و چۆمانی گرتووەتەوە و زیانی گەورەی پێ گەیاندوون.

زیاتر گوتی، وەك بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵ دەستمان بە دابەشكردنی دەرمانی Flash كردووە كە تایبەتە بە نەهێشتنی زیندەوەری زیانبەخش، دەرمانەكە بەسەر زیاتر لە 500 جووتیاری ناوچەكە دابەش كراوە، هەڵمەتی قڕكردنی دەستی پێ كردووە و وردە وردە لەناو دەبرێن و كەم دەبنەوە.

ئەو جۆرە كوللەیە ڕەنگی زەردە و نزیكەی پێنج سانتیمەتر درێژە، لەسەر گەڵا و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان دەنیشێت و دەیانقرتێنێت و زیانیان پێ دەگەیەنێت، جیا لە دەڤەری باڵەكایەتی، ناوچەكانی سیدەكان و مێرگەسۆر و بارزانیشی گرتووەتەوە.

چۆمان لە ڕووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و 160 كیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر هەڵكەوتووە، چوار شارەدێ و 166 گوندی بەسەرەوەیە، یەكێكە لە ناوچە كوێستانییەكانی كوردستان.

چۆمان/ موڕشید برادۆستی.











وشە - باز ئه‌حمه‌د