لە شوێنێكی هەولێر بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە

:: PM:03:17:23/04/2018 ‌
بەرپرسێكی شارەوانی ئاشكرای دەكات، بەهۆی ڕێگری لە پیسبوونی دیوای دەوروبەری بازاڕی قەیسەری هەولێر كە بە لێدانی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن بڕیار دراوە ڕێ نەدرێت هیچ پۆستەرێك لە دەوروبەری ئەو شوێنە هەڵبواسرێت، ئەگەر بشكرێت لێ‌ دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 23ـی نیسان/ ئەپریل، مەریوان هادی بەڕێوەبەری شارەوانیی یەك سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەڵواسینی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن بەهەموو شێوەیەك قەدەغە كراوە لە دەوری بازاڕی قەیسەری و قەڵا، چونكە دەبێتە هۆی شێواندنی ئەو دیوارە بە كەرپووچ دروست كراوە.

بەڕێوەبەری شارەوانی یەك دەڵێت، هەڵواسینی پۆستەر ڕۆژانە هەیە، ئێمە وێنەی دەگرین و دەینێرین بۆ كۆمسیۆن و دواتر لێی دەكەینەوە، چونكە دیوارەكە كەرپووچە نزیكەی یەك ملیار دینار تێچووی نۆژەنكردنەوەیەتی بە چەكووچ و بزمار دەشكێت و بە لەزگەش شوێنەواری پیسی لەسەر دەمێنێتەوە، بۆیە قەدەغەمان كردووە بانگەشە لەو شوێنە بكرێت.

ئەو بەرپرسەی شارەوانی ئاشكرای كرد، ڕۆژانە تیمەكانمان پۆستەری كاندیدان لێ دەكەنەوە و ئەوەش یاسایییە، چونكە بەگوێرەی ڕێنوێنییەكانی كۆمسیۆن هەندێك شوێن دیاری كراوە كە نابێت بانگەشەی لێ بكرێت.

لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی‌ و دوو كاندیدی‌ تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبەركێ‌ لەسەر 46 كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.



وشە - رامیار جەواد