ئایا فەیسبووك لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەركەوتوو بووە؟

:: PM:03:57:23/04/2018 ‌


جارێكی تر مشتومڕ لەسەر هەوڵەكانی فەیسبووك بۆ بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر دەستی پێ كردەوە دوای ئەوەی دامەزرێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە لە بەردەم كۆنگرێسی ئەمەریكا رووبەڕووی لێپرسینەوە كرایەوە.

مارك زوكربێرگ دامەزرێنەری تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەسەر دزە پێكردنی زانیاریی 87 ملیۆن بەكارهێنەر بۆ كۆمپانیای "كامبریدج ئانالیتیكا" بۆ توێژینەوە لەلایەن كۆنگرێسی ئەمەریكا رووبەڕووی لێپرسینەوە كرایەوە. لەسەر ئەو پرسە جارێكی تر مشتومڕی هەوڵەكانی فەیسبووك بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هاتەوە پێشێ، بەڵام دامەزرێنەرەكەی دەڵێ ئەو كاتەی هێرشەكانی 11ی ئەیلوولی 2001 روویان دا، فەیسبووك هەر بوونی نەبووە.

 ئەو رێوشوێنەی كە فەیسبووك دژی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گرتوویەتییەبەر، تەوەری سەرەكیی ئەو پرسیارانەن كە لە كۆنگرێسی ئەمەریكا رووبەڕووی كرانەوە لەلایەن سۆزان بروكس سیناتۆر.

سۆزان دەڵێ "ئەو كاتەی هێرش كرایە سەر ئەمەریكا لە 11ی ئەیلوول، فەیسبووك هەر بوونی نەبووە، بەڵام دوای ئەو مێژووە رێكخراوە تیرۆریستییەكان بە تایبەت قاعیدە و گەنجان و داعش زۆر بە بڵاوی كاریان لەسەر فەیسبووك كردووە كە پێشتر وێنەی نەبووە".

فەیسبووك چۆن بەرەنگاری تیرۆر دەبێتەوە؟
تیرۆریستان لەناویاندا چەكدارانی داعش ساڵانێكە فەیسبووك بەكار دەهێنن و لەوێدا بانگەشە بۆ گەنجان دەكەن تا بچنە ریزەكانیان، بەڵام دوای ئەوەی رووبەرێكی زۆریان لە ساڵی 2016 لە دەست دا، فەیسبووك و دنیا رێوشوێنیان دژ بە تیرۆریستانی داعش گرتەبەر.

فەیسبووك وێنەی ئەو كەسانەی كە پێشتر ئەكاونتی هەبووە لەگەڵ ئەو ڤیدیۆیانە بەراورد دەكات كە گرووپە تیرۆریستییەكان بڵاوی دەكەنەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی و لابردنی ئەكاونەتەكان.

زوكربێرگ لە وەڵامی سۆزان بەرگری لە خۆی و فەرمانبەرانی كۆمپانیاكەی دەكات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەڵێ، هیچ پێگەیەك یان ئەكاونتێكی تیرۆریستان لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نییە، لە رابردوودا هەڵمەتێكی گەورە دژ بەو پەیج و ئەكاونتە تایبەتانە بەڕێوە چووە كە هزری توندڕۆیی یان تیرۆریستەكان خۆیان بەركایان هێناوە، گوتی "دەتوانم بڵێم 99%ی پەیج و ئەكاونەتەكان رەش كراونەتەوە كە نزیك بوونە لە قاعیدە یان داعش".

ماوەی چەند مانگێكە فەیسبووك كار لەسەر هەندێك بەرنامەی تایبەت دەكات كە زیاتر بە بەرنامەی "زیرەكی دەستكرد" ناسراون كە هاوكاری هەوڵەكانی فەرمانبەرانی فەیسبووك دەكات كە ژمارەیان دەگاتە 200 فەرمانبەر لە سەرانسەری دنیا و بە 30 زمان قسە دەكەن، كە هەموو ئەوانە بەشێكن لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی.

بەرنامە زیرەكەكەی فەیسبووك پشت بەو وێنانە دەبەستێت كە پێشتر لەلایەن تیرۆریستانەوە بەكار هێنراوە و لەگەڵ گرتە ڤیدیۆیییەكانیش بەراورد كراون، هەر كاتێك تیرۆریستان بیانەوێت هەوڵی دووبارە بڵاوكردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە بدەنەوە، ئەوا راستەوخۆ بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دێنە سڕینەوە و رێ بە بڵاوبوونەوەیان نادات، ئەمەش بە پشتبەستن بە وێنە و ڤیدیۆكانی پێشتر كە گرووپە تیرۆریستییەكان بڵاویان كردووەتەوە و لەلایەن فەیسبووك لە لیستی رەش تۆمار كراون.

لەسەر ئەو پرسە فەیسبووك دەڵێ، تا ئێستە 83%ی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی پێشتر بڵاو كرابوونەوە و دواتر رەش كرابوونەوە، لەكاتی دووبارە بڵاوكردنەوەیان دیسان سڕاونەتەوە، بۆ ناسینەوەی ڤیدیۆكانیش تەنیا سەعاتێك پێویستە بۆ ئەوەی جارێكی تر رەش بكرێنەوە.

لە بەیاننامەیەكدا پێشتر فەیسبووك رای گەیاندبوو كە بەرنامەی ئاشكراكردنی ئەو دەق و بڵاوكراوانەی پێوەندارن بە بەكارهێنانی هەندێك وشەی دەستنیشانكراو، پێش خستووە، هەروەها بەرنامەكە دەتوانێت چاودێری ئەو گرووپ و پەیج و ئەكاونتانەش بكات كە تیرۆریستان دەیانەوێت دایمەزرێنن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە تەنیا یەك سەعاتیان پێویستە تا ئەو پۆست و بابەتانەی پڕوپاگەندە بۆ هزری توندڕۆیی و تیرۆریستان دەكەن، دەستنیشان بكرێن و پاشان بێنە سڕینەوە.
 
فەیسبووك ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە هاوئاهەنگییان كردووە لەگەڵ كەسوكاری قوربانییان، لەم ناوەندەشدا پێوەندی كراوە بە 600 بەكاربەر، لەم ژمارەیەدا توانراوە سەركەوتووانە هاوكاری 76 كەسیان بكرێت بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی.

 رەخنەكان
لەگەڵ هەوڵەكانی فەیسبووك بۆ بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕۆی و تیرۆریستی، لەلایەن شارەزایانی بواری ئینتەرنێت رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە لەسەر ئەو شێوازەی گرتوویەتییەبەر بۆ بەدواداچوونی سەرانی قاعیدە، بەڵام هەمان شێواز دژ بە داعش بەكار ناهێنێت، بۆیە دەڵێن پێویستە فەیسبووك چەندان شێوازی جیاواز دژ بە گرووپە تیرۆریستییەكان بەكار بهێنێت.

شارەزایان پرسیاری ئەوە لە فەیسبووك دەكەن چۆن دەیسەلمێنن سەركەوتوو بوونە لە بەرەنگاربوونەوەی 99%ی پەیج و ئەكاونتەكانی كە هزری توندڕەوی و تیرۆریی بڵاو دەكەنەوە، ئەوا دەڵێن هێشتا ژمارەكە دیار نییە، باشە ئەو 1% كە دەبێت چەند كەس بێت؟

بەڵام دیارترین رەخنە كە رووبەڕووی فەیسبووك دەبێتەوە، چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری توندڕۆیییە كە ئەمە بەلای شارەزایان ئاسان نییە و فەیسبووك پێویستی بە هێزێكی مرۆیی زیاتر هەیە بۆ دەستنیشانكردن و جیاكردنەوەی گوتارەكان كە كامانەن ئەو گوتارانەی پڕوپاگەندە بۆ توندڕۆیی دەكەن.

سەرچاوە/ ئیرفەع سەوتەك



وشە - فه‌رمان سادق